٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئاکرەیی بۆ KDP: گەشتکردن لەنێوان ھەرێم و ئێران بە مەرج ئاسایی بووەتەوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران ده‌ڵێ، بە مەرج گەشتکردن لە نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران ئاسایی کراوەتەوە، کە پێشتر رێکارەکان زۆر توند کرابوون و تەنھا بۆ حاڵەتی زۆر پێویست نەبووایە رێگەیان بە گەشتکردن نەدەدا.

عەبدوڵڵا ئاکرەیی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، پێش ماوەیەک بڕیارێک درابوو کە گەشتکردن لە نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران وەستێندرابوو، تەنھا بۆ حاڵەتی زۆر پێویست نەبێت، وەکو نەخۆشی یاخود ئەوانەی سەردانی دکتۆرەکانیان ھەبوو یانیش حاڵەتێکی دیکەی پێویست بووایە، ئەگەرنا ھاتوچۆکردن وەستابوو، بەڵام ئێستا بە مەرج ھاتوچۆکردنی ئاسمانی و زەمینی ئاسایی کراوەتەوە.

بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران گوتیشی، لە ئێستادا لە کۆنسووڵخانەی ئێران لە ھەولێر ئەوەی بیەوێت لە رێگەی ئاسمانییەوە گەشت بکات، ڤیزای پێ دەدرێت و ئەوەی زەمینیش ڤیزای پێویست نییە، بەڵام لە ھەردوو حاڵەتدا ھەم بۆ ئێران و ھەمیش بۆ ھەرێمی کوردستان، پێویستە ھەردوو ژەمی ڤاکسینیان لێدابێت و پشکنینی نوێی کۆرۆناشیان پێ بێت، ئەگەرنا رێگەیان پێ نادرێت گەشت بکەن، بەڵام ئەوەی ئەو مەرجانە جێبەجێ بکات، دەتوانێ بە ئاسایی گەشت بکات ھەم بۆ ئێران و ھەمیش لە ئێرانەوە بۆ ھەرێمی کوردستان.

 

بڵند ئیبراھیم 

 

هەواڵی پەیوەندیدار