کاوە ئازیزی ھۆکاری ھاتنی شەپۆلێکی دیکەی پەنابەرانی رۆژئاوا بۆ ھەرێم دهخاتهڕوو

رۆژئاوای کوردستان-KDP.info- ئەندامێکی ئەنجومەنی نیشتیمانیی کورد لە سووریا رایدەگەیەنێت، شەپۆلێکی دیکەی کۆچکردن لە رۆژئاوای کوردستانەوە بۆ ھەرێمی کوردستان دەستی پێکردووە و پەیەدەش بازرگانی بە خەڵک دەکات، تا رێگەیان پێ دەدات کۆچ بکەن و ھەر یەکەیان ٣٠٠ دۆلاریان لێ وەردەگرێت، ھۆکاری کۆچکردنیشیان، بۆ خراپیی مامەڵەی دەسەڵاتی پەیەدە بەرامبەر ئەو خەڵکە دەگەڕێتەوە.
دکتۆر کاوە ئازیزی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، شەپۆلێکی دیکەی کۆچکردن لە رۆژئاوای کوردستان بۆ ھەرێمی کوردستان دەستی پێکردووە و لە ماوەی ئەم رۆژانەدا ٩٠٠ کەسی دیکە گەیشتوونەتە ھەرێمی کوردستان و لە کەمپی بەردەڕەش نیشتەجێ کراون، کە لەسەر سنووری ھەرێمی کوردستان پاسیان بۆ دەگیرێت بۆ گواستنەوە و لەناو کەمپیش دەزگای خێرخوازیی بارزانی ھەموو پێداویستییەکیان بۆ دابین دەکات.
لەبارەی ھۆکاری کۆچکردنەکەش، کاوە ئازیزی گوتی: "چەندین ھۆکار ھەن بۆ کۆچکردن، وەکو برسێتی و بێکاری و نائارامی، هەروەها قبوڵنەکرنی دەسەڵاتی پەیەدە و ترس لە پاشەرۆژ و رفاندنی کچەکانیان و سەربازیی بەزۆر، بۆیە بێئومێد بوونە و دەستیان بە کۆچکردن کردووە".
ئازیزی باسی لەوەش کرد: "پەیەدە رێگری لە خەڵک دەکەن کۆچ بکەن و ئەوەی بیگرن دەیگەڕێننەوە، بەڵام بازرگانیشیان پێ دەکەن و ئەوەی ٣٠٠ دۆلار بدات، رێگەی پێ دەدەن بێتە ھەرێمی کوردستان کە پێشتر ٥٠٠ دۆلاریان وەردەگرت، ئێستاش کێبڕکێ ھەیە و بووەتە ٣٠٠ دۆلار، بۆیە بۆ بەرژەوەندیی خۆیان ھەموو کارێک بەو خەڵکە دەکەن و خەڵکیش مەمنوونە لێیگەڕێن کۆچ بکات و ئەگەر رێگریش نەکرێت، رۆژئاوای کوردستان چۆڵ دەبێت".
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نیشتیمانیی کورد لە سووریا ڕوونیشی کردەوە: "ژمارەیەکی زۆر خەڵک ئێستا بەو سەرمایە لەسەر سنوور ماون، کە دەیانەوێت بێن بۆ ھەرێمی کوردستان و رێگرییان لێ دەکرێت و پێویستە پارە بدەن، بۆیە کۆچکردن لە رۆژئاوای کوردستان بووەتە شەپۆلێکی گەورەی کۆچ بۆ ھەرێمی کوردستان، کە لە شارەکانی عەفرین و کۆبانی و سەرێ کانی و دربێسی و قامشلۆ و عامودا و ھەموو شارەکانی دیکە کۆچ دەکەن".
دەشڵێ: "رۆژئاوای کوردستان بووەتە دۆزەخێک بۆ کوردان، چونکە نە خواردن و نە سووتەمەنی و نە بەنزین و نە ھیچ پێداویستییەکی سەرەتایی ژیانیان نییە، بۆیە چارەی دیکەیان نییە کۆچ دەکەن بۆ ھەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی لە مردن رزگاریان بێت، چونکە دەسەڵاتی ئەوێ ھەرچی خراپە بەرامبەر ئەو خەڵکە دەیکات".
بڵند ئیبراھیم




