بەڕێوەبەری فڕۆکەخانە بۆ KDP: رێکارەکانی ھاتوچۆی گەشتیاران ئاشكرا دهكات

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی ھەولێر رایگەیاند، دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی عێراق بڕیارێکی بۆ ھێڵە ئاسمانییەکان دەرکردووە، کە پێویستە بێ ڤاکسین و پشکنین، گەشت بە ھیچ کەسێک نەکەن، بۆیە پێویستە لەسەریان ئەو بڕیارە جێبەجێ بکەن، بەڵام ئەوەی لای ئێمە گرنگە وەکو فڕۆکەخانە، پێویستە بۆ گەشتکردن پشکنینی نوێیان پێ بێت.
ئەحمەد ھۆشیار، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "دوای بڵاوبوونەوەی جۆری نوێی نەخۆشیی کۆرۆنا بە ناوی ئۆمیکرۆن، رێکارەکانی ھاتوچۆی گەشتیاران لە چوارچێوەی رێنماییەکانی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشیی کۆرۆنا دەگرینە بەر و ئەو رێنماییانە وەکو خۆی جێبەجێ دەکەین، کە پێش گەشتکردن پێویستە پشکنینی نوێی پێ بێت بۆ ئەوەی گەشت بکات و ڤاکسینیشی دانابێت، لە ئێستادا گەشتکردنیشمان لەگەڵ وڵاتان ئاساییە و بۆ ھەموو وڵاتێک گەشتمان ھەیە، بەڵام بە ھۆی وەرزی زستان ھەندێک گۆڕانکاری بەسەر گەشتەکاندا ھاتووە".
بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی ھەولێر گوتیشی: "لای ئێمە وەکو فڕۆکەخانەی ھەولێر ھەم پشکنین و ھەمیش فاکسین گرنگە بۆ گەشتیار ھەبێت، چونکە دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی عێراق ھەموو ھێڵەکانی ئاگادار کردووەتەوە، کە نابێت ھیچ گەشتیارێک بێنن و ببەن بێ ئەوەی ڤاکسینی دانابێت لەگەڵ مەرجی پشکنین".
ھۆشیار باسی لەوەش کرد: "لەسەر ھێڵەکان دەمێنێتەوە کە بێ ڤاکسین ھاتوچۆ بە گەشتیار دەکەن یاخود نا، بەڵام لای ئێمە پێویستە ھەر چۆنێک بێت پشکنینی لابێت، ئەوەی دیکە پێویستە ئەوان جێبەجێی بکەن، چونکە بڕیارەکە بۆ ھێڵە ئاسمانییەکان دەرکراوە".
بڵند ئیبراھیم




