عەلی خەلیل: زیاتر لە ٨٥%ی ھاووڵاتیانی کورد نەگەڕاونەتەوە نەینەوا

مووسڵ -KDP.info- بەرپرسێکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ ئاشکرای کرد، رێژەی گەڕانەوەی کورد بۆ مووسڵ و سنووری پارێزگای نەینەوا وەک پێویست نییە و دەڵێت، ھێشتا زیاتر لە ٨٥%ی خەڵک ئامادە نین بگەڕێنەوە شوێنەکانیان.
عەلی خەلیل، بەرپرسی لقی ١٤ی مووسڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "ڕەوشی شاری مووسڵ لەڕووی ئەمنییەوە ئێستا باشترە و بەراورد بە ساڵانی رابردوو کەمتر رووداوی ئەمنی ھەن، بەڵام ھێشتا ناگاتە ئەوەی خەڵکی دڵنیا بێت لە ژیانی، بەتایبەتی ھاووڵاتیانی کورد لە مووسڵ داوای گەرەنتی دەکەن بۆ ئەوەی بتوانن وەک پێشوو بگەڕێنەوە شوێنەکانیان.''
بەرپرسی لقی پارتی لە مووسڵ دەشڵێت: "دوای تێچکوونی رەوشی مووسڵ ھەر لە سەردەمی دەرکەوتنی گرووپە تیرۆریستییەکان تا ھاتنی داعش کورد لە مووسڵ نەماوە، بەداخەوە دوای دەرکردنی داعش لە مووسڵ و گەڕانەوەی خەڵکی بۆ شوێنەکانیان کورد ھەر نەگەڕاوەتەوە، دەتوانم بڵێم زیاتر لە ٨٥%ی کورد نەگەڕاوەتەوە شوێنەکانیان لە مووسڵ.''
عەلی خەلیل ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "ھۆکاری نەگەڕانەوەی کورد بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە کورد لە رابردوودا کێشەی زۆری بۆ دروست کراوە و ھەبوونی ھەندێ ھێزی ناشەرعییش لە مووسڵ ھۆکاری سەرەکییە بۆ ئەوەی کورد وەک پێویست نەگەڕێتەوە بۆ شوێنی خۆیان، چونکە گەرەنتی نەبێت خەڵک ئامادەی گەڕانەوە نین، ئەمە لە کاتێکدایە ھەر لە کۆنەوە کورد پێکھاتەیەکی سەرەکیی مووسڵ بووە و رێژەی کورد لە ھەموو پێکھاتەکانی دیکەش زیاتر بووە.''
قائید میرۆ




