ھەفتەی داھاتوو فراکسیۆنی پارتی سەرۆکێک بۆ خۆی دیاری دەکات

بەغدا-KDP.info- ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، بەفەرمی دەستمان بە کارەکانی خۆمان کردووە و بەجددی داکۆکی لە ھەموو مافەکانی گەلی کورد دەکەین و ھەفتەی داھاتووش سەرۆک و وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیاری دەکرێن.
دکتۆر سەباح سوبحی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''دوای ئەوەی سوێندی یاساییمان خوارد، ئێستا لە بەغداین و لە کارکردن بەردەوام دەبین بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی کورد و ئێمە بەرژەوەندیمان لە بەغدایە و ئاگاداری تەوافقاتەکان دەبین و بارودۆخی دیکە گەنگەشە دەکەین و چاومان دەکەینە دە چاو بۆ پاراستنی مافەکانی کورد و لەوێ دەبین و کارمان لەوێیە و ئاگاداری بچووک و گەورە دەبین و ڕێگە نادەین ھیچ تێپەڕی بەبێ تەوافق، لەبەر ئەوەی ئێمە ئەو دەنگەمان ھێناوە، پێویستە کاری خۆمان بە کەرامەتەوە بکەین.''
دکتۆر سەباح سوبحی گوتیشی: ''گفتوگۆ دەکەین بۆ دیاریکردنی سەرۆک و وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان و ھەفتەی داھاتوو یەکلایی دەکەینەوە، چونکە سەرۆکی فراکسیۆن و وتەبێژی دەبێت، بۆیە ھێشتا ماوە و ھەفتەی داھاتوو بەفەرمی یەکلایی دەکەینەوە و ڕایدەگەیەنین.''
بڵند ئیبراھیم




