کرمانج عەبدوڵڵا بۆ KDP: خۆپیشاندانی مەخمووریهكان لهبهر سەرانە وەرگرتنه

مەخموور-KDP.info- بەرپرسی لقی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مەخموور دهڵێ، لە بازگەی مەخموور ھێزە عێراقییەکان رێگە نادەن ھیچ کەلوپەلێک لە ھەرێمەوە بچێتە مەخموور یان بەپێچەوانەوە و تەنھا شەوان نەبێت، ئەویش پارە و سەرانە لە خەڵک وەردەگرن ئینجا رێگە دەدەن، ئەمەش ستەمێکی گەورەیە لە خەڵک دەکرێت.
کرمانج عەبدوڵڵا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ئەمڕۆ خەڵکی مەخموور خۆپیشاندانێکیان ئەنجام داوە بە ھۆی ئەوەی لە مەخموور ھێزە عێراقییەکان غەدر لە کورد و خەڵکی مەخموور دەکەن، چونکە رێگە نادەن ھیچ کەلوپەلێک لە ھەرێمەوە بۆ مەخموور ببەن یاخود لە مەخموورەوە بۆ ھەرێم بێنن، کە زیاتر کەلوپەلی خۆراک و پێداویستیی رۆژانەی خەڵکن.
بەرپرسی لقی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مەخموور گوتیشی، ھیچ ھۆکارێک نییە بۆ ئەو رێگریکردنەوە و تەنھا ستەمکردنە لەو خەڵکە و بە تایبەتیش کورد، چونکە ھیچ کارێکی نایاساییان نەکردووە.
عەبدوڵڵا ڕوونیشی کردەوە، مەبەستی ئەو رێگریکردنە بۆ ئەوەیە، کە بە رۆژ رێگە بە خەڵک نادەن کەلوپەل ببەن و بە شەوانیش رێگەیان پێ دەدەن، ئەویش بۆ ئەوەی پارە و سەرانەیان لێ وەربگرن، بۆیە پێویستە حکوومەتی ھەرێم و عێراق بە جیددی بێنە سەر هێڵ و ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن، چونکە ئەوەی دەکرێت، غەدرێکی گەورەیە لە خەڵک.
بڵند ئیبراھیم




