سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران: پاڵپشتی لە بەقەزابوونی ناحیەی سیدەکان دەکەین

سیدەکان-KDP.info- لە سنووری ناحیەی سیدەکان بە هۆی نەبوونی چەندین پرۆژەی خزمەتگوزارییەوە گرفت بۆ هاووڵاتیان دروست بووە و سەرۆکی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیش، بەڵێنی جێەجێکردنی چەند پرۆژەیەک دەدات لە بواری ئاو، ئاوەڕۆ، کارەبا و ڕێگاوبان.
هەڵگورد نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان راگەیاند: "لە چەند رۆژی رابردوودا سەردانی ناحیەی سیدەکانمان کرد بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە کێشە و گرفتی هاووڵاتیان، بڕیاری جێبەجێکردنی چەند پرۆژەیەکیش لە داهاتوودا بۆ ئەم دەڤەرە دراوە، لەوانە ڕاکێشانی کارەبا بۆ ئینارەکانی دووسایدی دەروازە بۆ ناو سەنتەری ناحیە و تێکەڵەڕێژکردنی چەند کۆڵانێکی ناو سەنتەری ناحیەی سیدەکان".
نەجیب گوتیشی: "لە دوای وەرزی زستان دەست دەکرێت بە جێبەجێکردن و چاککردنی ڕێگای دۆڵی زەرزێ و دەشتەهێرت و گەلی لێتان و گوندی بەرمیز".
سەبارەت بە پرسی بەقەزابوونی ناحیەی سیدەکانیش روونی کردەوە: "لە هەوڵی بەردەوامداین و پاڵپشتی لە بەقەزابوونی ناحیەی سیدەکان دەکەین".
سیروان سابیر




