عوسمان ڕیشە: لە ئایندەیەکی نزیکدا ھەردوو لیوای ھاوبەش دەستبەکار دەبن

هەولێر -KDP.info- پێشمەرگە و سوپای عێراق پێکەوە کار بۆ بەرەنگاربوونەوەی چەکدارانی داعش دەکەن و بەرپرسێکی وەزارەتی پێشمەرگەش دەڵێت، ھەماھەنگی لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقدا ھەیە بۆ بەڕێوەبردنی ئۆپەڕاسیۆن و لە ئایندەیەکی نزیکدا ھەردوو لیوای ھاوبەش دەستبەکار دەبن.
عوسمان ڕیشە، بەڕێوەبەری گشتیی ھۆشیاری و ڕۆشنبیریی وەزارەتی پێشمەرگە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھەماھەنگی لە نێوان ھەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگریی عێراقدا ھەیە لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی داعش، بەتایبەتی لە ماوەکانی ڕابردوودا ژمارەیەک کۆبوونەوە بەڕێوە چوون و، فەرماندە باڵاکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق بە شێوەی مەیدانی کۆبوونەوەیان ھەبووە و چەند ئۆپەڕاسیۆنێکی ھاوبەشیش لە ناوچەکانی گەرمیان و میحوەرەکانی یەک و دوو سێ بەڕێوە چووە.''
بەڕێوەبەری گشتیی ھۆشیاریی وەزارەتی پێشمەرگە دەشڵێت: "پڕۆسەی پێکھێنانی ھەردوو لیوای ھاوبەش بەرەو کۆتایی دەچێت، پێشتر ھەندێ گرفتی تەکنیکی ھەبوو کە کەمێک پڕۆسەی دەستبەکاربوونی ئەو دوو لیوایەی دوا خستووە.''
عوسمان ڕیشە ڕوونیشی کردەوە: "لە ماوەیەکی کەمدا ھەردوو لیوای ھاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق دەچنە بنکەکانی مەشق و ڕاھێنان و دەست بە کارەکانی دیکە دەکەن، تا ئەو ناوچانەی بۆشاییی ئەمنییان ھەیە، پڕ بکرێنەوە، واتە لە ئایندەیەکی زۆر نزیکدا ھەردوو لیوای ھاوبەش دەستبەکار دەبن و گرفتێک نەماوە بۆ دەستپێکردنی ئەرکەکانیان.''
قائید میرۆ




