بڵند ئیسماعیل: ئەوەی دوێنێ ڕووی دا لە بەرژەوەندیی کوردە

هەولێر -KDP.info- بەرپرسێکی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای کرد، ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق بە ڕێککەوتن بووە و دەشڵێت، ڕێککەوتنەکە لە بەرژەوەندیی کوردە و یەکێتیش ئاگاداری ڕێککەوتنەکە بوو، ھەوڵ ھەیە ھەموو لایەنە شیعەکان بەشداریی حکوومەتی عێراق بکەن.
بڵند ئیسماعیل، بەرپرسی لقی ١٦ی پارتی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "تا پڕۆسەی پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق و کۆتاییھاتنی پڕۆسەکە، شاندی پارتی لە بەغدا کارەکانی تەواو نابێت و سەردانی ھەموو لایەنە عێراقییەکان دەکات، ئەوەی دوێنێ لە بەغدا ڕووی دا ڕاستکردنەوەی پڕۆسەی سیاسیی عێراق بوو کە بە ئاراستەیەکێ زۆر دروست ئێستا ھەنگاو دەنێت، سەرکەوتنی گەورەشە بۆ کورد، چونکە بابەتی کەمینە و زۆرینە ئەگەر وا بڕوات وردە وردە کۆتایی دێت، ئێمە ھەمیشە ویستوومانە لەسەر سێ بنەما لەگەڵ عێراق بگەینە ڕێککەوتن، ئەویش تەوازن و شەراکەت و تەوافوق، خەریکە تەوافوقەکە جێی خۆی بگرێت، ھیوادارین لە پڕۆسەی پێکھێنانی حکوومەتی نوێدا پرسی تەوازن و شەراکەتیش جێبەجێ بکرێت.''
بەرپرسەکەی پارتی گوتیشی: "پڕۆسەکە بە ئاراستەیەکی دروستدا دەڕوات، تەنیا ئەوەی جێگری سەرۆکی پەرلەمان بۆ شیعە بووە گرێ، ئەگەرنا ئەوەی دیکە وەک خۆی بە ڕێککەوتن کراوە، لەناو پەرلەمانیش بوونایە ھەر ئەوە دەبوو، ھەوڵ ھەیە لە پێکھێنانی کابینەی حکوومەت ھەموو لایەنە شیعەکان بەشداری بکەن.''
بڵند ئیسماعیل ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "شاندی پارتی و یەکێتی کە چوونە بەغدا ئاگاداری ئەو ڕێککەتنەی دوێنێ بوون، شاندی ئێمە و برادەرانی یەکێتی پێکەوە چوونەتە بەغدا، دەکرا برادەرانی یەکێتی لە شاندەکە بڵێن ئێمە ڕازی نین بەو ڕێککەوتنە، ڕاستە ڕێککەوتنەکە زیاتر دەستی پارتی تێدا بوو و ئیرادە و قورسایی سەرۆک بارزانییش بەدیار کەوت، بەڵام یەکێتی لاری نەبووە لە ڕێککەوتنەکە و برادەرانی یەکێتی زەرەریان نەکردووە، چونکە لە قازانجی کوردە، ھێشتا کاری زۆر ماوە پارتی و یەکێتی پێکەوە بیکەین.
قائید میرۆ




