٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دژوار فایەق: خاڵی سەرەکیی دانوستانەکانی کورد لەسەر ناوچە کوردستانییەکانە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- یەکێک لە داواکارییەکانی کورد و ھەرێمی کوردستان بۆ بەشداری لە حکوومەتی ئایندەی عێراقدا یەکلاکردنەوەی پرسی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە و، ڕاوێژکاری باڵای ئەنجومەنی وەزیران بۆ ماددەی ١٤٠ لەم بارەیەوە دەڵێت، ''خاڵی سەرەکیی دانوستانەکانی ئێمە لەگەڵ بەغدا لەسەر ناوچە کوردستانییەکانە''.

دژوار فایەق، ڕاوێژکاری سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەو کاتەی مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان سوێندی یاساییی خوارد، زۆر بەوردی باسی ماددەی ١٤٠ی دەستوور و کێشەی کەرکووک و ھەموو ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی کرد کە حکوومەتی ھەرێم داکۆکی دەکات و بەگوێرەی دەستوور دانوستان دەکات ئەو ماددەیە جێبەجێ بکرێت، لە ھەموو دانوستانەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا لە سەردەمی عادل عەبدولمەھدی و مستەفا کازمی و تا ئێستاش خاڵی سەرەکیی دانوستانەکانی ئێمە لەگەڵ بەغدا کێشەی ناوچە کوردستانییەکانە.''

ڕاوێژکاری سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران گوتی: "حکوومەت و شاندی سیاسیی ھەرێمی کوردستان ھەوڵ دەدەن داواکاریی ئێمە بۆ چارەسەرکردنی پرسی ناوچە کێشەلەسەرەکان جێی بکرێتەوە و چارەسەر بکرێت، نەک وەک ڕابردوو تەنیا بەڵێن بدەن و دواتر جێبەجێی نەکرێن.''

دژوار فایەق ڕوونی کردەوە: "ئێمە شەریکین لە حکوومەتی عێراق و پێویستە داواکارییەکانی ئێمە جێبەجێ بکرێن، ئەگەر ئەم کابینەیەی حکوومەتی عێراق پرسی ناوچە کوردستانییەکان چارەسەر نەکات و یەکلاییی نەکاتەوە، ئەوە کاریگەریی زۆری دەبێت لەسەر ڕەوشی ناوخۆ و دەستوەردانی دەرەوەش، تا ئیدارەیەکی ھاوبەش نەبێت و کێشەی ناوچە کوردستانییەکان چارەسەر نەکرێن، عێراق و ناوچەکە سەقامگیری بەخۆیانەوە نابینن، بەتایبەتی پێشمەرگە بگەڕێتەوە ناوچەکە و ئەمە بەرنامەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە و دەبێت لە کارنامەی حکوومەتی عێراقیشدا جێی بکرێتەوە.''

 

قائید میرۆ


 

هەواڵی پەیوەندیدار