"ئەمساڵ زۆرترین پڕۆژەی وەبەرھێنان لە ھەولێر جێبەجێ دەکرێن"

هەولێر-KDP.info- ساڵی رابردوو لە سنووری پارێزگای ھەولێر ٣٥ مۆڵەت بە پڕۆژەکانی وەبەرھێنان دراوە و بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانی ھەولێریش دەڵێ، تەنیا سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵ، زیاتر لە تەواوی ساڵی رابردوو پڕۆژە جێبەجێ دەکرێن.
سامان عارەب، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانی ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، ساڵی رابردوو لە سنووری پارێزگای ھەولێر ٣٥مۆڵەت بە پڕۆژەکانی وەبەرھێنان دراوە و بە گوژمەی حەوت ملیار دۆلار وەبەرھێنان لە ھەولێر کراوە، پلانی ئەمساڵیش ئامادە کراوە بۆ کەرتی وەبەرھێنان، پێشبینی دەکەین زۆرترین پڕۆژە بچنە بواری جێبەجێکردنەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانی ھەولێر دەڵێت، بڕیارە لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ھێندەی تەواوی ساڵی رابردوو پڕۆژەی وەبەرھێنان جێبەجێ بکرێن و، ئامادەکاری دەکرێت بۆ کردنەوەی ژمارەیەک پڕۆژە لە ماوەکانی داھاتوودا.
سامان عارەب ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، بەشێک لەو پڕۆژانەی وەبەرھێنان، پڕۆژەی ستراتیژین و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەبەرھێنان زیاتر مۆڵەت بەو پڕۆژانە دەدات کە زۆرترین ھەلی کار بۆ ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان دابین دەکەن.
قائید میرۆ




