ئەمڕۆ لە ئیدارەی سۆران سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سێ پڕۆژەی کارەبا دەکاتەوە

سۆران-KDP.info- بڕیاروایە ئەمڕۆ دووشەمە، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سێ پڕۆژەی ستراتیژی کارەبا لە سنووری ئیدارەی شارەکە، کە بە گوژمەی 7 ملیۆن دۆلار پڕۆژەکان جێبەجێکراون، بکاتەوە.
فەیسەل حسێن، بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای سۆران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لەژێر چاودێری رێزدار مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی كوردستان و، وەزیری کارەبا و بەرپرسانی ئیداری و حیزبی ناوچەکە، ئەمڕۆ دووشەمە، لە مەڕاسیمێکدا لە سنووری ئیدارەی سۆران، سێ پڕۆژەی كارەبا بە تێچووی حەوت ملیۆن دۆلار دەکرێنەوە".
گوتیشی: "هەر سێ پڕۆژەکە گرینگن بۆ ئەم دەڤەرە، چونکە گۆڕینی تێلی هێڵی پاڵەپەستۆی بەرزی نێوان وێستگەی قەزای شەقڵاوە بۆ ناحیەی خەلیفان بە درێژایی 37 كیلۆمەترە".
حسێن ئەوەشی خستەڕوو: "لەگەڵ راكێشانی هێڵێكی نوێی 132 kv لە خەلیفان بۆ سەنتەری ئیدارەی سۆران و، فراوانکردنی دوو هێڵی نوێ بۆ وێستگەی سۆران، کاریگەری زۆرباشی هەیە لەسەر پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبا ."
سیروان سابیر




