سەربەست بابیری: ھەماھەنگی لە نێوان پێشمەرگە و ئۆپەڕاسیۆنی نەینەوا ھەیە

نەینەوا -KDP.info- بەرپرسی میحوەری ڕۆژھەڵاتی دیجلەی ھێزی پێشمەرگە ئاشکرای کرد، چەکدارانی داعش لە ھەندێ ناوچەی سنووری پارێزگای نەینەوا ھێشتا جێی مەترسین و دەڵێت، ھەماھەنگی لە نێوان پێشمەرگە و ئۆپەڕاسیۆنی نەینەوا ھەیە.
سەربەست بابیری، بەرپرسی میحوەری ڕۆژھەڵاتی دیجلە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "چەکدارانی داعش لە سنووری مووسڵ ماون، بەڵام زیاتر لە ناوچەکانی سەر سنوور و ھەندێ ناوچەی سەر بە قەزاکانی دەوروبەری شاری مووسڵ شانە و چەکداریان ماوە، بەڵام بەرامبەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە لە سنووری میحوەری ئێمە چەکدارەکانیان کەمتر جووڵە دەکەن، لەبەر ئەوەی بوشاییی ئەمنی کەمترە بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی وەک مەخموور و سنووری گەرمیان، لای ئێمە داعش زیاتر لە نێوان ناحیەی بادۆش و ئاسکی مووسڵ ھەن.''
بەرپرسی میحوەری ڕۆژھەڵاتی دیجلە گوتی: "ھەماھەنگیی زۆر باش لە نێوان پێشمەرگە و سەرکردایەتیی ئۆپەڕاسیۆنەکانی نەینەوا ھەیە و بەردەوام ھەماھەنگی دەکەین بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش، تەنیا لە ھەندێ ناوچە ھێزەکانی حەشدی شەعبی ھەن و لەوانەیە لەو ناوچانە جێگەی مەترسی بێت.''
لەبارەی ئەنجامدانی ئۆپەڕاسیۆنەوە، سەربەست بابیری ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ئێستا پێشمەرگە خراوەتە حاڵەتی ئامادەباشی و ئامادەکاری بۆ وەڵامدانەوەی ھەر ھێرشێک کراوە، وەک ئۆپەڕاسیۆنیش ئەگەر گومانمان لە ھەر شوێنێک ھەبێت کە چەکدارانی داعشی تێدایە، بێگومان پێشمەرگە ئامادەیە ئۆپەڕاسیۆن بەڕێوە ببات و دەستی خۆی بوەشێنێت.''
قائید میرۆ




