٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نێچیرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ وه‌زیرى به‌رگریى ئه‌ڵمانیا كۆبووه‌وه‌

سەرچاوە: KDP.info

له‌ كۆبوونه‌وه‌یاندا سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى و خاتوو كریستینه ‌لامبرێشت وه‌زیرى به‌رگریى ئه‌ڵمانیا هاوڕا بوون كه‌ شه‌ڕى دژى داعش هێشتا كۆتایى نه‌هاتووه‌ و مه‌ترسى و هه‌ڕه‌شه‌كانى تیرۆر له‌ ناوچه‌كه‌، مه‌ترسى و هه‌ڕه‌شه‌ى سه‌ر ئارامى و سه‌قامگیریى ئه‌ورووپا و ڕۆژئاواشن.

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 2022/1/9 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ خاتوو كریستینه ‌لامبرێشت وه‌زیرى به‌رگریى ئه‌ڵمانیا به‌ یاوه‌ریى سه‌رۆكى لیژنه‌ى به‌رگریى له‌ په‌رله‌مانى ئه‌ڵمانیا و شاندێكى سه‌ربازى و دیپلۆماسى كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا په‌یوه‌ندییه‌كانى ئه‌ڵمانیا له‌گه‌ڵ عیراق و هه‌رێمى كوردستان و بواره‌كانى هاوبه‌شى و هاریكاریى نێوانیان، دوایین پێشهاته‌كانى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر و مه‌ترسییه‌كانى داعش، پێداچوونه‌وه‌ به‌ ئه‌ركى هێزه‌كانى ئه‌ڵمانیا له‌ عیراق و دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى تاوتوێ كران.

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى پیرۆزباییى ده‌ستبه‌كاربوونى خۆى و حكوومه‌تى نوێى ئه‌ڵمانیا و ساڵى تازه‌ى له‌ خاتوو لامبرێشت و له‌ هێزه‌كانى ئه‌ڵمانیا كرد و سه‌ردانه‌كه‌ى له‌م قۆناغه‌ هه‌ستیاره‌ى عیراقدا به‌ گرنگ له‌ قه‌ڵه‌م دا، هه‌روه‌ها سوپاسى ئه‌ڵمانیاى كرد بۆ پشتگیریكردنى عیراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ شه‌ڕى دژى تیرۆردا، جه‌ختى له‌وه‌ش‌ كرده‌وه‌ كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ى داعش كۆتایى نه‌هاتووه‌ و نه‌هێشتنى تیرۆر ته‌نیا له‌ رێى سه‌ربازییه‌وه‌ نابێت، به‌ڵكوو هه‌نگاوى سیاسیشى پێویسته‌.

به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان هه‌روه‌ها سوپاسى گه‌ل و حكوومه‌ت و په‌رله‌مان و ڕۆڵ و ئاماده‌ییى ئه‌ڵمانیاى له‌ عیراق و هه‌رێمى كوردستان كرد بۆ پشتگیریى سیاسى و سه‌ربازى و مرۆیى و هاریكارى و په‌ره‌پێدان، به‌تایبه‌تى یارمه‌تیى مرۆیى بۆ لێقه‌وماوان و قوربانییانى شه‌ڕ له‌ هه‌ردوو پێكهاته‌كانى ئێزدى و كریستیان.

لاى خۆیه‌وه‌ خاتوو ‌لامبرێشت وێڕاى دووپاتكردنه‌وه‌ى به‌رده‌وامیى پشتگیریى وڵاته‌كه‌ى بۆ عیراق و هه‌رێمى كوردستان، گه‌شبینیى خۆى به‌ داهاتووى‌ كارى هاوبه‌ش و پێكه‌وه‌یى له‌گه‌ڵ عیراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى و سوپاس و پێزانینى ئه‌ڵمانیاى بۆ ڕۆڵ و قوربانییه‌كانى پێشمه‌رگه‌ له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ و تێكشكاندنى داعشدا، دووپات كرده‌وه‌.

دۆخى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمى كوردستان، جموجۆڵى داعش له‌ سووریا، ڕه‌وشى كه‌مپى ئه‌لهۆڵ و چه‌ند بابه‌تێكى جێى بایه‌خى هاوبه‌ش، ته‌ورێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌كه‌ بوو.

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار