عارف روشدی: پارتی و یەکێتی بە یەک کارنامەوە چوونەتە بەغدا

هەولێر -KDP.info- یەکڕیزیی پارتی و یەکێتی کاریگەریی لەسەر شەقامی کوردستان دەبێت و شاندی ھاوبەشی پارتی و یەکێتی وەک یەک تیم لە بەغدا دانوستانیان لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان دەست پێ کردووە و ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسیی پارتییش دەڵێت، پارتی و یەکێتی بە یەک کارنامە چوونەتە بەغدا و یەکڕیزیی پارتی و یەکێتی کاریگەریی لەسەر شەقامی کوردستان دەبێت.
عارف ڕۆشدی، ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پارتی بەردەوام جەختی لەسەر ڕێکخستنەوەی نێوماڵی کوردی کردووە، تا لایەنە کوردستانییەکان لە بەغدا پێکەوە کار بکەن، لەبەر ئەوەی کارکردن لە بەغدا ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتمانییە بۆ بەدەستھێنانی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان، بۆیە پارتی چەند ھەنگاوی ناوە لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانی و لایەنەکانی دیکە بە مەبەستی یەکخستنی ھەڵوێستی لایەنە کوردستانییەکان و لە ئەنجامدا بڕیار درا شاندی پارتی و یەکێتی پێکەوە سەردانی بەغدا بکەن بۆ دانوستان لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان.''
ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسیی پارتی گوتیشی: "ئێستا پارتی و یەکێتی بە کارنامەیەکی ھاوبەش چوونەتە بەغدا و شاندی پارتی و یەکێتی بە سەرۆکایەتیی کاک ھۆشیار زێباری و ئەندامیەتیی برادەرانی ئێمە و یەکێتی لە بەغدا دانوستانیان دەست پێ کردووە، یەکگرتووییی پارتی و یەکێتی کاریگەریی لەسەر خەڵکی کوردستان دەبێت، چونکە پێکەوەکارکردنی پارتی و یەکێتی پێگەی کورد لە عێراق بەھێزتر دەکات.''
عارف ڕۆشدی ڕوونیشی کردەوە: "پارتی و یەکێتی وەک دوو ھێزی سەرکەوتووی ھەرێمی کوردستان پێویستیان بە ھاوکاری و ھەماھەنگی لایەنەکانی دیکەی کوردستان ھەیە، ئێمە داوا لە ھەموو ھێزەکانی دیکەش دەکەین ئەگەر ئۆپۆزسیۆنیش بن، لە پرسە نیشتمانییەکاندا پاڵپشتیی پارتی و یەکێتی بکەن، ھەموو ھەوڵێکیش دەدرێت بۆ ئەوەی ھەموو لایەنە سیاسییەکان بەشدار بن لە پڕۆژەی یەکڕیزیی کورددا لە بەغدا.''
قائید میرۆ




