فازڵ میرانی پێشوازیی لە سەرۆکی ھودا پار و شاندی یاوەری کرد

ھەولێر -KDP.info- سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازیی لە سەرۆکی پارتی دوزی ئازاد (ھودا پار) کرد و دەڵێت، ھودا پار لە واری نەتەوەییدا ڕۆڵێکی بەرچاوی ھەبووە. سەرۆکی ھودا پاریش پیرۆزبایی لە سەرکردایەتیی پارتی کرد بە بۆنەی سەرکەوتنیان لە ھەڵبژاردنەکانی عێراقدا.
ئەمڕۆ، یەکشەممە ٩ی ١ی ٢٠٢٢، لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسی پێشوازیی لە سەرۆکی پارتی دوزی ئازاد (ھودا پار)، زەکەریا یاپیجیئۆغلۆ و شاندی یاوەری کرد.
لەو دیدارەدا فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسی وێڕای بەخێرھاتنی گەرمی شاندی میوان، دووپاتی کردەوە کە ھودا پار ڕۆڵێکی بەرچاوی ھەیە لە واری نەتەوەییدا و کەسایەتییان بەھێز و ناسراوە و ڕۆڵیان بەرچاوە.
فازڵ میرانی تەئکیدی کرد کە پەیوەندیی دووقۆڵیی نێوان ھەردوو لایەن مێژوویی و سەرکەوتووە و لە خزمەتی ھەموو لایەکدایە.
سکرتێری مەکتەبی سیاسی ئاماژەی بە ڕەوشی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دا وەک ڕەوشێکی ئاڵۆز و نالەبار و داوای کرد، لۆژیک زاڵ بێت بەسەر حوکمدارانی ناوچەکەدا و بڕیارەکانیان لە بەرژەوەندیی گەلانی ناوچەکە بێت و ھەر ئاریشەیەک ھەبێت بە ڕێکارەکانی دیالۆگ و دیموکراتیەت و ئاشتی چارەسەری بکەن و ''ھەموومان لە خزمەتی گەلانی خۆماندا دەبین.''
سەرۆکی ھودا پار، زەکەریا یاپیجیئۆغلۆ، سوپاسی مەکتەبی سیاسیی پارتیی کرد بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەی لێیان کرا و دووپاتی کردەوە کە پارتەکەیان دۆستی مرۆڤایەتییە و پاڵپشتی چارەسەرکردنی ئاریشەکانە بە ڕێگای ئاشتی و دیموکراتیدا و، لای ئەوان بەرژەوەندیی میللەت لە پێش ھەر بەرژەوەندییەکی تردایە.
هەر لەو دیدارەدا سەرۆکی ھودا پار پیرۆزباییی ئاراستەی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد بە بۆنەی سەرکەوتنی پارتی لە ھەڵبژاردنەکانی عێراقدا.
ئازاد بەرواری و ڕێبوار یەڵدا، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و، عەلی حوسێن، ئەندامی سەرکردایەتی و، عارف ڕوشدی، ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسی بۆ کارووباری سیاسی ئامادەی ئەم دیدارە بوون.





