٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزیری شارەوانی: ھەولێر دەچێتە قۆناغێکی دیکەی گەشەسەندنەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ وەزیری شارەوانیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ماستەرپلانی شاری ھەولێر ھەموار دەکرێتەوە و لە دوو قۆناغدا تا ساڵی ٢٠٥٠ ئامادە دەکرێت و ھەولێر دەچێتە قۆناغێکی دیکەی گەشەسەندنەوە.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "دوای پێداچوونەوە، بڕیار لەسەر ھەموارکردنەوەی ماستەرپلانی شاری ھەولێر دراوە و ئەمڕۆ گرێبەست لەگەڵ ئاژانسی جایکای ژاپۆنی کراوە بۆ ھەمواری ماستەرپلانی شاری ھەولێر کە پێی دەگوترێ تۆماری گفتوگوکان، لە ئەمڕۆ بەدواوە ھەولێر دەچێتە قۆناغێکی دیکەی گەشەسەندنەوە و پیرۆزبایی لە خەڵکی شاری ھەولێر دەکەین، ھەمواری ماستەرپلانی ھەولێر لە کاتێکدایە ھەر ئەمساڵ بەھۆی باران و لافاوە زیانی زۆر بەر خەڵکی شارەکە کەوت، بەڵام بەھۆی ھەمواری ماستەرپلانی شارەکەوە ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەو کارەساتانە دەکرێت.''

وەزیری شارەوانی دەڵێت: "ماستەرپلانی ھەولێر ساڵی ٢٠٠٩ ئامادە کراوە، بەڵام بەھۆی فراوانبوونی شاری ھەولێر و ھەلومەرجی ئێستا بە پێویستمان زانی ھەمواری ماستەرپلانەکە بکرێت و ئێستا لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی نەخشەدانانی ئاوەدانی لە وەزارەتی شارەوانی وەک لایەنی سەرەکی و بە ھاوکاریی ئاژانسی جایکا و تیمێکی پسپۆڕی ژاپۆنی کار بۆ ھەمواری ماستەرپلانی شاری ھەولێر دەکەن، ئەمە بۆ جاری یەکەمە کە ھەموو بوارەکانی وەک دیزاین و ئابووری و کۆمەڵایەتی و ئاو و ئاوەڕۆ و ھەموو بوارەکانی دیکە لەبەرچاو دەگیرێت.''

ساسان عەونی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "لە ڕێگەی پلانی مامناوەند و درێژخایەن ماستەرپلانی ھەولێر ھەموار دەکرێتەوە کە قۆناغی یەکەم تا ساڵی ٢٠٣٠ کۆتایی دێت و قۆناغی درێژخایەن تا ساڵی ٢٠٥٠ دەخایەنێت، ڕەگەزێکی دیکەی پەرەپێدانی پڕۆژەکە جێبەجێکردنی ۆورکشۆپە لە نێوخۆی ھەرێمی کوردستان و دەرەوە، وەزارەتی شارەوانی و ئاژانسی جایکا لە ھەماھەنگیدا دەبن بۆ جێبەجێکردنی گرێبەستەکە، خاڵێکی دیکە کە لای حکوومەت و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەت جێگەی گرینگییە پرسی ژینگەپارێزیە و ھاوتەریب ڕێژەی سەوزایی زیاد دەکرێت لە شاری ھەولێر.''

 

قائید میرۆ


 

هەواڵی پەیوەندیدار