٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عەبدولڕەحمان سدیق: بەهۆی بایەخدانى سەرۆکى حکومەته‌وه‌، هه‌رێم خرایه‌سەر نەخشەى جیهانى

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- دەستەى ژینگەى هەرێمى کوردستان چالاککردنى پەیڕەوى پاراستنى ناوچە سروشتییەکانى کوردستانى ڕاگەیاند و ئاماژەى بۆ ئەوە کرد کە لە ماوەى ساڵى ڕابردوودا نزیکەى سێ هەزار پرۆژە مۆڵەتى کارکردنیان لە دەسته‌ى ژینگە پێ دراوە و بۆ چاککردن و پاراستنى ژینگەى کوردستانیش نزیکەى ٢٥٠٠ پرۆژەیان جێبەجێ کردووە.

عەبدولڕەحمان سدیق، سەرۆکى دەستەى پاراستن و چاککردنى ژینگەى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند کە لە ماوەى ساڵى ڕابردوودا بەهۆی بایەخدانى سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان بە بوارى ژینگە توانرا هەرێمى کوردستان بخرێتە سەر نەخشەى جیهانیى گۆڕانکاریى کەشوهەوا، لە لایەکى دیکەشەوە، سەرۆکى حکوومەت پەیڕەوى پاراستنى ژینگەیی و پاراستنە سروشتییەکانى چالاک کرد کە ماوەیەک بوو سڕ کرابوو.

هەر لەبارەى چالاکییەکانى دەستەى ژینگەى هەرێمی کوردستانەوە کە لە ساڵى ڕابردوودا جێبەجێ کراون، گوتی: ''دوو هەزار و ٨٧٦ پرۆژەى جۆراوجۆر مۆڵەتیان پێ دراوە و ٤٨ پرۆژە داواکارییەکانیان ڕەت کراوەتەوە و پێنج هەزار و ٢٤٩ پرۆژەش بەدواداچوون و پشکنینیان بۆ کراوە و پێنج هەزار و ٥٤٢ پشکنین لە ٢٦ هەزار و ١٣١  نموونەى وەرگیراوى ژینگەى کوردستان کراوە و بۆ پاراستن و چاککردنى ژینگەش دوو هەزار و ٤١٥ چالاکیی ژینگەیی جێبەجێ کردووە''.

دەستەى ژینگەى هەرێم ئاماژەى بۆ ئەوەش کرد کە کۆی گشتیى ئەو داهاتەى لە ساڵى ٢٠٢١دا لە تەواوى کوردستان کۆی کردووەتەوە  ٣٣٢ ملیۆن و ٦٦٦ هەزار دینار بووە و ٢٥٠ دۆنم زەویشی لە پرۆژەکان وەک پرۆسەى لەجیاتى سەوزکردن بەکار هێناوە لە خزمەتى ژینگەى کوردستان و ئێستاش ٢٢٠ ڕێکخراوى ژینگەیی لە کوردستاندا هەن و بۆردێکیان هەیە کە کاروبارەکانیان ڕایی دەکات.

لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا سەرۆکى دەستەى ژینگە باسی لەوە کرد کە لەلایەن دوو ڕێکخراوى نێودەوڵەتییەوە نموونەى هەواى کوردستانیان وەرگرتووە و ئەنجامەکانیان وەرگیراوەتەوە و ئێستا دەمانەوێت ڕاپۆرتەکەمان بۆ ئەنجوومەنى وەزیران بەرز بکەینەوە کە تێیدا حەوت خاڵ وەک ڕاسپاردە دیاری کراون.

 

ڕامان وریا

هەواڵی پەیوەندیدار