لەسەر زۆربەی پۆستەکان کێشەیەکی ئەوتۆ لە نێوان پارتی و یەکێتیدا نەماوە

هەولێر-KDP.info- بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای کرد، لایەنە عێراقییەکان لە چەند رۆژی رابردوودا بۆچوونی سەرۆک بارزانییان لەبارەی کۆبوونەوەی پەرلەمان و پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق وەرگرتووە و دەشڵێ، کێشەیەکی ئەوتۆ لە نێوان پارتی و یەکێتیدا نەماوە لەبارەی پۆستەکانی عێراق.
ھۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "شاندی ھاوبەشی پارتی و یەکێتی لە بەغدان بۆ دانوستان لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان، چەند شاندێکی تری لایەنە سیاسییەکانی عێراقیش لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا سەردانی ھەولێریان کرد و لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆبوونەوە لەبارەی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق و پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، لایەنە عێراقییەکان حەز دەکەن بۆچوونی سەرۆک بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی شێوازی پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق وەربگرن و ھەوڵەکان تا ئێستا بەردەوامییان ھەیە".
بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی گوتیشی: "لایەنە سونییەکان لە ھاوپەیمانیی تەقەدوم و ھاوپەیمانیی عەزم ھاتوونەتە ھەولێر و را و بۆچوونی پارتییان وەرگرتووە، هەروەها سوننەکان بۆچوونی خۆیان یەک خستووە و محەمەد حەلبووسی کاندید دەکەن بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان، کە دەمێنێتەوە جێگری سەرۆکی پەرلەمان و پارتی و یەکێتیش لە بەغدان و تا رادەیەک رێککەوتن لە نێوان پارتی و یەکێتی لەبارەی پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان کراوە و، دەیانەوێ لەگەڵ لایەنە عێراقییەکانیش گفتوگۆ بکەن".
سیوەیلی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "لەسەر زۆربەی پۆستەکان کێشەیەکی ئەوتۆ لە نێوان پارتی و یەکێتیدا نییە، لەبارەی سێ پۆستی سەرۆکایەتیی عێراق لە نێوان پارتی و یەکێتی لێکتێگەیشتن ھەیە، لە نێوان سوننەکانیشدا رێککەوتن ھەیە، تەنیا شیعە ماوە و دانوستانەکانیش بەردەوامن لە نێوانیاندا و تا ئێستا رێککەوتن لە نێوان پێکھاتەی شیعە نەکراوە".
قائید میرۆ




