٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەمڕۆ وەزارەتی ناوخۆ بڕیاری نوێ لەبارەی گرێبەستی ئەلیکترۆنییەوە دەدات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ وەزارەتی ناوخۆ لەبارەی گرێبەستی ئەلیکترۆنییەوە کۆدەبێتەوە و گوتەبێژی ھاتوچۆی ھەرێمی کوردستانیش دەڵێ، پێداچوونەوە بە بڕیارەکەدا دەکرێت و بەرژەوەندیی ھاووڵاتیان لە بەرچاو دەگیرێت.

عەمید ئەسعەد کەریم، گوتەبێژی ھاتوچۆی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، بڕیارە ئەمڕۆ لە دیوانی وەزارەتی ناوخۆ کۆبوونەوەیەک لەبارەی پرسی گرێبەستی ئەلیکترۆنی بەڕێوە بچێت و بەرپرسانی وەزارەتی ناوخۆ و بەڕێوەبەرانی ھاتوچۆی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان بەشداری تێدا دەکەن، دوای کۆبوونەوەکەش بڕیاری نوێ لەبارەی گرێبەستی ئەلیکترۆنییەوە دەدرێت.

گوتەبێژی ھاتوچۆی ھەرێم دەشڵێت، تا ئێستا ھیچ بڕیارێک نییە لەبارەی راگرتن یان گۆڕانکاری لە بڕیاری گرێبەستی ئەلیکترۆنی، بەڵکو ئەمڕۆ پێداچوونەوە بە بڕیارەکەدا دەکرێت و ئەنجامەکەی رادەگەیەندرێت.

عەمید ئەسعەد ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "بەرژەوەندیی ھاووڵاتیان و خاوەن پیشانگاکانی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل لە بەرچاو دەگیرێت، بەڵام سیستمی ئەلیکترۆنی بۆ بەرژەوەندیی گشتییە و چەندین خاڵی تێدایە کە سوودی بۆ ھاووڵاتیان و حکوومەت ھەیە، چونکە ھەتا کۆتایی دنیا بە یەک سیستم گرێبەست ناکرێت، دەمانەوێت گرێبەستی کڕین و فرۆشتن رێک بخرێتەوە و بە شێوازێکی سەردەمیانە بەڕێوە بچێت".

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار