فراکسیۆنی پارتی بۆ KDP: کاندیدی خۆمان بە فەرمی رادەگەیەنین

بەغدا-KDP.info- کاندیدێکی سەرکەوتووی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق یەکەم کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام دەدات و بڕیارە لەو کۆبوونەوەیەدا دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان دیاری بکرێت. دەشڵێ: "پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان پشکی پارتییە و ھەر کاتێک دەستەی سەرۆکایەتی دیاری کرا، ھیچ کێشەمان لە دیاریکردنی کاندید بۆ ئەو پۆستە نییە".
مۆفەق شێخ شەھاب سورچی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "بڕیارە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق یەکەم کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام بدات ئەگەر دوانەخرێت و، تێیدا دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دیاری بکرێت، ئەوەی تا ئێستاش باس دەکرێت، جارێکی دیکە محەمەد حەلبوسی دەبێتەوە سەرۆکی پەرلەمان، بەڵام ھێشتا بە فەرمی رانەگەیەندراوە".
سورچی گوتیشی: "ئێمەش وەکو فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان پێش کۆبوونەوەی پەرلەمان کۆدەبینەوە و تێیدا کاندیدی خۆمان بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان دیاری دەکەین، سەرکردایەتیی پارتیش رای لەسەر ھەر کەسێک بێت، ئێمە کێشەمان نییە و بە شانازییەوە قبوڵی دەکەین و دەبێتە کاندیدی ئێمە بۆ ئەو پۆستە، بۆیە لەو کۆبوونەوەیەدا کاندیدی خۆمان بە فەرمی رادەگەیەنین".
ناوبراو باسی لەوەش کرد: "ئێمە ھاتووین بۆ بەغدا بۆ بەرگریکردن لە مافی گەلی کورد و بەدەستھێنانی مافەکانیان، نەک بۆ وەرگرتنی پلە و پۆست، بۆیە بە ھەموو توانا و ھێزی خۆمانەوە بەرگری لە مافی گەلی کورد دەکەین".
بڵند ئیبراھیم




