مەحموود محەمەد: ئەولەویەتی کورد شەراکەتێکی ڕاستەقینەیە لە پێکھێنانی حکوومەتی ئایندەی عێراقدا
__2022_01_08_h17m35s59__ER.jpg)
ھەولێرـKDP.infoـ پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کۆ بوونەوە و لەسەر کارنامەیەکی ھاوبەش ڕێک کەوتن و نووسیویانەتەوە بۆ ئەوەی کاری لەسەر بکەن بۆ پێکھێنانی حکوومەتی ئایندەی عێراق و، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستانیش دەڵێت، ''ئەوەی ئێمە و سەرۆک بارزانی دەمانەوێت، چارەسەرکردنی کێشەکانە لەگەڵ عێراق و ئەولەویەتی کوردیش شەراکەتێکی ڕاستەقینەیە.''
مەحموود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بە پێکھێنانی حکوومەتی ئایندەی عێراق ڕایگەیاند: ''وەکوو ئەوەی کە پێویستە چیتر کارکردن بۆ دامەزراندنی دامەزراوەی دەستووری دوا نەکەوێت، ئەولەویەتی کورد لە بەشداریکردنی لە حکوومەتی ئایندەی عێراقدا شەراکەتە، شەراکەتی ڕاستەقینەی کورد لە پێکھێنانی کابینەی نوێ و حوکمڕانیی ئەم وڵاتەدا، ھەروەھا تەوازنی دەستووری لە جێبەجێکردنی ئەو شەراکەتەدا، بۆیە کارنامەیەک لە نێوان ئێمە و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا نووسراوە، دەمانەوێت ئەم کارنامەیە ببێتە بەشێکی سەرەکی بۆ کابینەی داھاتوو کە بریتییە لەو داخوازییانەی وا خەڵکی کوردستان ھەیانە بۆ ئەوەی بەشدار بین لە حوکمڕانیی ڕاستەقینەی ئەم وڵاتەدا و کێشەکان چارەسەر بکرێن بەبێ ئینتیقائی ھەڵبژاردنی ماددەکانی دەستوور و چارەسەرکردنی ئەو کێشە ھەڵواسراوانەی کە لە ساڵی ٢٠٠٣ـەوە تاکوو ئێستا باسی دەکەن و چارەسەر ناکرێت، ئەمە بەشێکە لەو داخوازییانەی لەناو کارنامەکەدا ھاتوون و دەبێت جێبەجێ بکرێن.''
وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتیشی: ''ھەموو هەوڵی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەڕێز مەسعود بارزانی لە کوردستاندا ئەوە بووە کە ھەوڵ بدەین ھیچ لایەکمان تەداخول لەناو پێکھاتەکانیاندا نەکەین، وەک ئەوەی کە ئێمەی کورد تەداخول لەناو پێکھاتەی شیعە و سوننەدا نەکەین و بە پێچەوانەشەوە، بۆیە ئەوەی کە گرنگ بوو ئەوە بووە کە ھەلێکی زۆر دراوەتە برایانی شیعە بۆ ئەوەی لەنێو ماڵی خۆیاندا ڕێک بکەون و ھەوڵ بدەن ئەو ڕێککەوتنە ببێتە بنەمایەک بۆ ئەوەی کە ئەو سیاقاتی کاتیەی کە دیاری کراوە بۆ ھەڵبژاردنی دامەزراوەی شەرعی بەڕێوە بچێت، ئەگەر ڕێک نەکەوتن، دەکەوێتەوە سەر ئەوان و خەڵک دەبێت چاوی لەوان بێت و پرسیار لەوان بکات.''
مەحموود دەشڵێت: ''ئەم لێژنەیەی کە لێرە دانیشتن، باسیان لە پۆستەکان کردووە، باسیان لەوە کردووە چۆن بەشداری بکەین و ئەوەی کە گرنگە ئێستا ئێمە لەسەر کارنامەکە ڕێک کەوتووین، پۆستەکانیش گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت، ھێشتا سەرۆکی کۆمار کاتی ماوە، ئەگەر پەرلەمانیش دروست ببێت، کاتێکی دەمێنێت بۆ ئەوەی کە کاندیدی سەرۆکی کۆمار دیاری بکرێت، لەدوای ئەوە کاتێکی دیکەش ماوە کە کاندیدی سەرۆکی وەزیران دیاری بکرێت، ھێشتا زووە بۆ ئەوەی باسی بکەین.''
فایزە کۆیی




