٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەحمەد کانی: بۆ یەکلاکردنەوەی پرسە گرینگەکان لایەنەکان دەگەڕێنەوە لای سەرۆک بارزانی

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- دوای ھەڵبژاردنەکانی عێراق، دانوستان لە نێوان لایەنەکانی عێراقدا بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێ دەستی پێکردوە و بەرپرسێکی پارتیش پێی وایە، لەمەودوا شاندی زیاتر دێن بۆ ھەرێمی کوردستان و دەشڵێ، بۆ یەکلاکردنەوەی پرسە گرینگەکان، لایەنە عێراقییەکان دەگەڕێنەوە بۆ لای سەرۆک بارزانی.

ئەحمەد کانی، بەرپرسی لقی ٢ی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "ھەوڵەکان بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق بەردەوامن، پێشتر چەندین شاندی سیاسیی عێراق سەردانی ھەرێمی کوردستانیان کردووە، بە تایبەتی لایەنە عێراقییەکان سەردانی سەرۆک بارزانییان کردووە، بە تایبەت کە سبەی یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمان بەڕێوە دەچێت، لەم هەفتەیدا سەردانی شاندەکان زیاتر دەبن بۆ ھەرێمی کوردستان، چونکە دەزانن ھەموو لایەک پێویستیان بە ھاوکاریی سەرۆک بارزانییە، تا بتوانن حکوومەتی عێراق پێک بێنن".

بەرپرسەکەی پارتی گوتیشی: "ئەمە سەرەتایە بۆ پێکھێنانی حکوومەت، ئێمە وەک پارتی و وەکو کوردیش ھەوڵ دەدەین لەگەڵ ھەموو لایەنەکان کۆببینەوە و دانوستان بکەین نەک تەنیا لەگەڵ لایەنێکی شیعی دانوستان بکەین، بۆچوونی پارتی و سەرۆک بارزانیش دیارە".

ئەحمەد کانی روونیشی کردەوە: "پێشتر و ئێستاش لایەنە عێراقییەکان زیاتر باوەڕیان بە بۆچوونی سەرۆک بارزانی ھەیە، لەبەر ئەوەش بۆ یەکلاکردنەوەی ھەموو پرسێکی گرینگ، لایەنە عێراقییەکان دەگەڕێنەوە بۆ لای سەرۆک بارزانی و ھەر ئەویش دەتوانێت پرسەکان یەکلا بکاتەوە لەسەر ئاستی عێراق و ھەرێمی کوردستان".

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار