رووپێوێکی نوێی بێکاری لە ھەرێمی کوردستان رادەگەیەندرێت

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، رووپێوێکی نوێی بێکاری بە شێوەی مەیدانی ئامادە کراوە و لە ماوەیەکی نزیکدا ئامارەکە رادەگەیەنن.
سیروان محەمەد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئێمە وەکو دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستان، رووپێوێکمان ئەنجام داوە و ماوەتەوە رایبگەیەنین، کە ئەو رووپێوەمان لەگەڵ رێکخراوی کاری جیھانی ئەنجام داوە و پاڵپشتیی ئێمەیان کردووە، کە بەرپرسەکەیان بە نەخۆشی کۆچی دوایی کردووە، بۆیە راگەیاندنی ھەندێک دواکەوت".
محەمەد گوتیشی: "ھەموو کارەکان تەواو بوونە و تەنھا ماوە راپۆرتەکە ببینین و تیمی دەستەکەشمان لەگەڵ رێکخراوی کاری جیھانی لە ئیشکردندان، بۆ ئەوەی راپۆرتی سەرەتایی ئامادە بکەن تا ھەفتەی داھاتوو و دواتریش بە شێوەی فەرمی رووپێوی بێکاری رابگەیەنین، تا رێژەی ربێکاری لە ھەرێمی کوردستان دیاری بکرێت، کە ئێستا چەند لە سەدە".
بڵند ئیبراھیم




