"لە سەنتەری شاری دھۆک زیاتر لە ٥٠ پڕۆژە جێبەجێ دەکرێت"

دهۆک -KDP.info- ئیسماعیل مستەفا، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی شارەوانیی دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە کۆتاییی ساڵی ٢٠٢١دا ڕەزامەندی درا لەسەر جێبەجێکردنی ٥٦ پڕۆژەی خزمەتگوزاری لەسەر داھاتی شارەوانی لە سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانی دھۆک و، بڕیارە لە سەرەتای ئەمساڵەوە دەست بە جێبەجێکردنی ئەو ٥٦ پڕۆژەیە بکرێت.''
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی شارەوانیی دھۆک ڕوونیشی کردەوە: "گوژمەی یەک ملیار و ٨٠٠ ملیۆن دیناریش بۆ جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژانە تەرخان کراوە و، پڕۆژەکان بەسەر ھەموو گەڕەک و ناوچەکانی سنووری شارەوانیی دھۆکدا دابەش کراون و تەواوبوونیان کاریگەریی لەسەر ڕەوشی خزمەتگوزاریی شاری دھۆک دەبێت.''
ئیسماعیل مستەفا گوتیشی: "پڕۆژەکان لە شەقام و شوستە و ئاوەڕۆ و گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ ئەو گەڕەکانە پێک دێت کە پێویستیان بە خزمەتگوزاری ھەیە و لەسەر داھاتی شارەوانی، پارە بۆ جێبەجێکردنیان تەرخان کراوە و لە ئایندەیەکی نزیکدا دەچنە بواری جێبەجێکرنەوە.''
قائید میرۆ




