٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"کورد یادی سوپای عێراق ناکاتەوە"

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- ئەمڕۆ ٦ی کانوون یادی دامەزراندنی سوپای عێراقە و پشووی فەرمی لە عێراق ڕاگەیاندراوە، بەڵام ھەرێمی کوردستان یادی ئەو سوپایەی نەکردەوە و چاودێرانیش پێیان وایە، پێویستە لەبری یادی سوپای عێراق، ڕۆژێک بۆ پێشمەرگە دیاری بکرێت.

کوردەوان نەقشبەندی، سەرۆکی دادگای سەربازی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پێویستە لەبری ئەوەی یادی سوپای عێراق بکرێتەوە، ڕۆژێک بۆ پێشمەرگە دیاری بکرێت و ئەو ڕۆژە بۆ گەلانی ھەرێمی کوردستان پیرۆزە، چونکە کورد ئەزموونێکی باشی لەگەڵ سوپای عێراق نییە تا یادی بکاتەوە، بەڵکوو ئەوەی بە درێژاییی مێژوو بەرگریی لە مافەکانی گەلی کوردستان کردووە، ھێزی پێشمەرگە بووە، نەک سوپای عێراق.''

عوسمان سێدەری، جێگری سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستانیش، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە سەردەمی ڕژێمی پێشووی عێراقدا چەندین کارەسات لەلایەن سوپای عێراقەوە بەسەر گەلی کورد ھاتووە و لەدوای پڕۆسەی ئازادیی عێراقیش بڕیار وا بوو، لایەنی کەم ١٢%ی پێکھاتەی سوپای عێراق کورد بێت، بەڵام بەداخەوە ڕێژەی کورد لەنێو سوپای عێراق ناگاتە ٢%یش، لەبەر ئەوە یادی ئەو سوپایە ناکرێتەوە لە کوردستان.''

لەبارەی دیاریکردنی ڕۆژی پێشمەرگەوە، عوسمان سێدەری دەڵێت: "پێشتر ھەوڵ ھەبووە لە پەرلەمانی کوردستان ڕۆژێک بۆ پێشمەرگە دیاری بکرێت، ھەوڵەکانیش بەردەوامن و بڕیارە لە داھاتوودا ڕۆژێک دیاری بکرێت بۆ ئەوەی ڕێز لە پێشمەرگە بگیرێت بەرامبەر ئەو ھەموو خەبات و قوربانییەی بەخشیویەتی بۆ گەلەکەی، ئێمە لەگەل ئەوەداین لەبری یادکردنەوەی سوپای عێراق، یادی پێشمەرگە بکرێتەوە.''

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار