٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

زیاتر لە یەک ملیۆن دۆنم زەوی لە کەرکووک کێشەی لەسەر ھەیە

سەرچاوە: KDP.info

کەرکووک -KDP.info- بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کەرکووک ئاشکرای کرد، زیاتر لە یەک ملیۆن دۆنم زەوی لە کەرکووک کێشەی لەسەر ھەیە، بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیەش سێ ڕێگا ھەیە کە بریتین لە پەرلەمان، حکوومەت، یاخود پێکھێنانی دادگایەکی تایبەت بەو کێشەیە.

ئەمڕۆ دادگای پێداچوونەوەی بەغدا بڕیاری لەسەر یەکلاییکردنەوەی خاوەنداریەتیی شەش ھەزار دۆنم زەوی لە بەرژەوەندیی کورد لە ناوچەی تاڵەبانی سنووری داقووق دا کە عەرەبی ھاوردە سکاڵایان تۆمار کردبوو لەدژی کوردانی ئەو ناوچانە و، بەڕێوەبەری پێشووی کشتوکاڵی کەرکووکیش دەڵێت: ''لە کەرکووک زیاتر لە یەک ملیۆن دۆنم زەوی کێشەی لەسەر ھەیە و پێویستە بە یەکجاری چارەسەر بکرێت و ناکرێت بەردەوام کێشە بۆ کورد دروست بکەن، چونکە عەرەبی ھاوردە لە زۆر ڕێگەوە زەویی کوردیان بۆ خۆیان بردووە.''

مەھدی موبارەک بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتیشی: ''لە ھەموو ناوچەکانی کەرکووک؛ لە داقووق و لەیلان و ناوچەکانی دیکە، زیاتر لە یەک ملیۆن دۆنم زەوی کێشەی لەسەر ھەیە و پێویستە یەکلایی بکرێتەوە و بەشێک لەوانە عەرەبی ھاوردە لە بەرژەوەندیی خۆیان یەکلایییان کردووەتەوە و بۆ خۆیان بردووە، بەڵام ئەو زەوییانە ھی کوردن و پێویستە ئەم جارە یەکلایی بکرێنەوە.''

موبارەک ڕوونیشی کردەوە: ''بە سێ ڕێگە ئەو کێشەیە چارەسەر دەبێت؛ لە ڕێگەی پەرلەمان، یاخود حکوومەت، یاخود دامەزراندنی دادگایەکی بێلایەن کە لە ھەموو نەتەوەکان پێک ھاتبێت و ئەو کێشەیە یەکلایی بکاتەوە، ئەگەرنا زیانی گەورە بەر کورد دەکەوێت.''

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار