٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرکردەیەکی سوننە: ھەولێر شوێنی یەکلاییکردنەوەی پێکھێنانی حکوومەتی عێراقە

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- سەرکردەیەکی سوننەکان دەڵێت، پێویستە پەلە بکرێت لە پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق و ھەموو لایەنەکان ڕێز لە ڕای خەڵک بگرن و بە بەشی خۆیان ڕازی بن و ئەنجامەکان قبووڵ بکەن و کوردیش ڕۆڵێکی سەرەکی دەبێت لە پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق و ھەمیشە ھەولێر شوێنی یەکلاکردنەوەی پرسی پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق بووە.

دکتۆر عەلا مەکی، سەرکردەی سوننەکان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''پرۆسیە سیاسی لە عێراق کەموکووڕیی زۆرە و لە ٢٠٠٣ـوە تا ئێستا ئێمە بە چاوی خۆمان دەیبینین، بۆیە پێویستە شەفافیەت ھەبێت، کە کەمە و بگرە نیشە، لە ھەڵبژاردنی ئەم جارەدا کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ڕێگەی بە خەڵک دا خۆیان بڕیار بدەن و خۆیشیان چاودێریی ھەڵبژاردنەکەیان کرد، بۆیە ئەم جارە خەڵک بڕیاری خۆی دا و لایەنی خۆی دیاری کرد و پێویستە ھەموو لایەنەکان ئەنجامەکان قبووڵ بکەن و بە بەشی خۆیان ڕازی بن، بۆ ئەوەی دیموکراسیەت ھەبێت لە عێراق.''

دکتۆر عەلا مەکی  گوتیشی: ''پێویستە پەلە بکرێت لە پێکھێنانی حکوومەتی عێراق و ناکرێت دوا بخرێت و کوردیش ڕۆڵێکی سەرەکیی دەبێت لەو حکوومەتە و ناکرێت پشتگوێ بخرێت، چونکە نوێنەرایەتیی گەلی کورد دەکات و پێویستە ئەم جارە بۆ حکوومەتی نوێ کەسانی تەکنۆکرات دابنرێن''.

مەکی باسی لەوەش کرد: ''ھەڵوێستی ھەرێمی کوردستان ئیجابییە و ئێمە شانازی بە کورد دەکەین و لەناویاندا بووین و ڕوئیایەکی زۆر باشیان ھەیە بۆ پرۆسەی سیاسی و پێکھێنانی حکوومەتی تازە و زۆریش ڕاشکاون و ھەر شتێکیان ھەبێت بەئاشکرا باسی دەکەن، نەک شتێک بڵێن و دواتر لێی پەشیمان ببنەوە.''

گوتیشی: ''ھەولێر لەو سەردەمەوە کە مالیکی بووەتە سەرۆکوەزیران تا ئێستا شوێنی یەکلاکردنەوەی پرسی پێکھێنانی حکوومەتەکانی عێراقە و ھەمیشە ڕۆڵێکی گەورە و ئیجابیی ھەیە و بووەتە ناوەندێک بۆ یەکلاییکردنەوەی پێکھێنانی حکوومەت.''

 

بڵند ئیبراھیم


 

هەواڵی پەیوەندیدار