"حکوومەت بایەخ بە پارێزگای ھەڵەبجە دەدات"
_(10)__2022_01_05_h16m3s44__ER.jpg)
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بایەخی تایبەت بە ھەڵەبجە دەدات بۆ جێبەجێکردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان لەم شارەدا
هەڵەبجە - KDP.info - مەسرور بارزانی بۆ ساڵی 2021 بودجەیەكی 30 ملیار دیناریی بۆ جێبەجێكردنی چەندان پڕۆژەی خزمەتگوزاریی پێویست بۆ شارەكە و ناحیەكانی هەڵەبجە تەرخان كرد، هاونیشتمانیانی پارێزگاكەش بڕوایان وایە حكوومەت سەرباری قەیرانەكان لە تەواوی سیكتەرەكان گرنگی بە هەڵەبجە دەدات.
هەڵەبجە دەكرێتە پارێزگا تاکوو لە نەخشەی هەموو پارێزگاكانی عێراقدا هەبێت، ساڵی 2021 سەرۆكوەزیرانی عێراق بانگهێشتی هەموو پارێزگارەكانی عێراق و كوردستانی كردبوو بۆ كۆبوونەوە و هەڵەبجە لە ناو بانگهێشتەكەدا نەبوو، مەسرور بارزانی بڕیاری دا هیچ پارێزگارێكی كوردستان بەشداریی كۆبونەوەكە ناكەن، تاكوو هەڵەبجەش وەك پارێزگایەكی عێراق بەشداری كۆبونەوەكە نەبێت.
ئەحمەد هاروونی، كاسب لەناو بازاڕی هەڵەبجە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "حكوومەتی هەرێمی كوردستان گرنگیی تایبەت بە هەڵەبجە دەدات بۆ ساڵی 2021 و ئاگادارین 30 ملیار دیناری تەنها بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژە تەرخان كردووە، جگە لەو گوژمە پارانەی كە بۆ پێداوستیی فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەكان تەرخان كراوە، بەتایبەت كەرتی تەندروستی".
هاروونی دەڵێت: "ئێمەی هەڵەبجەیی چاومان لەوەیە حكوومەتی مەسرور بارزانی گرنگیی زیاتر بە هەڵەبجە بدات، چونكە هەڵەبجە پێویستی بە پڕۆژە و خزمەتگوزاری زیاترە، چاودێریی وردیش بخەنە سەر ئەو پڕۆژانەی كە كاركردن تێیاندا دەست پێ دەکات بۆ ئەوەی ڕێگە لە ڕۆتینیات بگیرێت".
شەنگە یادگار، چالاكوانێكی كۆمەڵی مەدەنی لە هەڵەبجە، ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "هەنگاوەكانی بەرەوپێشبردنی هەڵەبجە دەبینین و زۆر باشە و دەمانەوێت هەڵەبجە لەو چەقبەستوویەی تێیدا بوو ڕزگاری بێت، بۆیە هەنگاوەكانی حكوومەت بۆ سەرپێخستنی پارێزگاكەمان لە كردنەوەی دەروازەی نوێی بازرگانی لەگەڵ وڵاتی ئێران و جێبەجێكردنی پڕۆژەی ڕێگا و پردی تووەقوت، هەڵەبجە لە داخراوی ڕزگار دەكات".
ئەو كچە چالاكوانەی هەڵەبجە زیاتر گوتی: "ئێمە دەبینین سەرۆكوەزیران، مەسرور بارزانی، تەواوی ئەو داواكارییانەی لە ئیدارەی شارەكەوە بۆی بەرز بكرێتەوە، ئەگەر بۆ خزمەتی گشتی بێت جێبەجێی كردوون و ڕەتكردنەوەی نەبووە، بۆیە دەتوانین بڵێین حكوومەتەكەی خۆمان ڕێز و وەفای هەڵەبجەییەكان لەبەرچاو دەگرێت.''
شاد حەمەمین، قوتابیی زانكۆش دەڵێ: "لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا ڕاستەوخۆ سەرۆكوەزیران پەیوەندیی بە پزیشک و نەخۆشانی ئەم پارێزگایەوە کرد و داواکاریەکانیانی جێبەجێ کرد و بودجەیەکی تایبەتی بۆ نەخۆشخانەی چارەسەرکردنی بەرکەوتووانی کیمیایی لە پارێزگای هەڵەبجە تەرخان كرد".
گوتیشی: "سەرۆكوەزیران بەبایەخەوە لە هەڵەبجە دەڕوانێت و لە کۆبوونەوەی پارێزگارەکانی کوردستان و عێراق لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، پارێزگاری هەڵەبجەی تێدا نەبوو، پێی ڕاگەیاندن ئەگەر پارێزگاری هەڵەبجەی تێدا نەبێت، یەک پارێزگاری کوردستان نایەتە بەغداد، ئەوەش بە ئامانجی ئەوەی پارێزگای هەڵەبجە، وەك پارێزگایەكی عێراقی مامەڵەی لەگەڵ بكرێت، تاكوو ئێستاش عێراق وەك پارێزگا مامەڵەی لەگەڵ هەڵەبجە نەكردووە".
نوێترین بڕیاری مەسرور بارزانی بۆ هەڵەبجە تەرخانكردنی 250 ملیۆن دینارە وەك مینحە بۆ ئەو پارێزگایە، تاكوو بتواندرێت كاروبارەكانی پارێزگاكە بەباشی بەڕێ بكرێن.




