٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شێركۆ حەبیب: میسر گرنگی بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ كوردستاندا دەدات

سەرچاوە: KDP.info

میسر - -KDP.info مێژووی پێوەندیی پارتی و گەلی كورد لەگەڵ دەوڵەت و گەلی میسر دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی شۆڕشی كورد بە سەركردایەتیی بارزانیی نەمر، نوێنەری پارتی لە قاهیرە دەڵێت، جەنابی سەرۆك بارزانی بە بایەخەوە دەڕوانیتە پەیوەندیی نێوان كوردستان و میسر. میسریش تاكە وڵاتی عەرەبییە كە لەگەڵ مافە دەستوورییەكانی كوردە.

شێركۆ حەبیب، نوێنەری پارتی لە قاهیرەی پایەتەختی میسر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند: "ئەگەرچی وڵاتی میسر ئاشنایەتیی لەگەڵ كورد هەیە، هەر لە سەردەمی سەڵاحەددینی ئەیوبییەوە، بەڵام پەیوەندیی دۆستانە و سیاسی لە سەردەمی سەرۆكی خوالێخۆشبوو جەمال عەبدولناسر و كاتی پێشوازیكردنی لە جەنابی مەلا مستەفا بارزانیی نەمر لە ساڵی ١٩٥٨ بایەخی پێ درا و دەستی پێ كرد، هەروەها دیداری جەنابی سەرۆك بارزانی لەگەڵ سەرۆكی خوالێخۆشبوو حوسنی موبارك لە قاهیرە و دیداری بەڕێزیان لەگەڵ سەرۆك عەبدولفەتاح سیسی لە ئەڵمانیا لە میانەی كۆنگرەی میونیخ، ئەمانە هەمووی هۆكارن بۆ پەرەسەندنی پەیوەندییەكان و جەنابی سەرۆك بارزانی بە بایەخەوە دەڕوانیتە پەیوەندیی نێوان كوردستان و میسر. میسریش تاكە وڵاتی عەرەبییە كە لەگەڵ مافە دەستوورییەكانی كوردە، جگە لەوەش، جەمال عەبدولناسر دژی جەنگ بوو بەرامبەر بە كورد و پشتیوانیی مافەكانی كوردی دەكرد".

شێكرۆ حەبیب دەشڵێت: "گرنگیی بوونی نوێنەرایەتیی پارتی لە وڵاتی میسر بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان بەتایبەتی و كوردستان بەگشتییە بە حزب و لایەنە سیاسی و ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی ئەو وڵاتەوە.''

گوتیشی: "تا ڕادەیەكی زۆر باش پەیوەندییەكان پەرەیان پێ دراوە و بە خۆشحاڵییەوە تۆڕێكی فراوانی پەیوەندیمان هەیە لەگەڵ كەسەنی سیاسی و پەرلەمانتار و ئەكادیمی و ڕاگەیاندكار و ڕۆژنامەوان و هونەرمەند و، چالاكیی زۆر و گرنگ ئەنجام دراون لە بۆنە جیا جیاكاندا لە نەورۆز و ساڵیادی دامەزراندنی پارتی و شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان و ساڵیادی لەدایكبوونی بارزانیی نەمردا، هەروەها توانیومانە ڕووی ڕاستەقینەی دۆز و مافە ڕەواكانی میللەتی كورد زیاتر بەو وڵاتە بناسێنین."

شێكرۆ حەبیب ئەوەشی خستە ڕوو: "تا ئێستا پارتیمان تەنیا لە وڵاتی میسر نوێنەری هەیە، هەڵبەتە ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆڵی گرنگی وڵاتی میسر لە ناوچەكە و تێگەیشتنی بۆ دۆزی كورد، هۆكاری نەبوونی نوێنەرایەتیی پارتی لە وڵاتانی دیكەش، دەگەڕێتەوە بۆ بارودۆخی ئابووری، لەگەڵ ئەوەشدا كە نوێنەرایەتیی نییە لە هەندێ وڵات، بەڵام پەیوەندییەكی توكمە هەیە، وەك ئوردن و سعوودیە و ئیمارات، هەڵبەتە گرنگە زیاتر بایەخ بە پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی بدرێت".

نوێنەری پارتی لە قاهیرە دەشڵێت: "حكوومەتی میسر كۆنسووڵخانەی هەیە لە هەولێر و یەكەم وڵاتی عەرەبی بوو لە كاتی سەردانی جەنابی سەرۆك بارزانی بۆ قاهیرە و دیداری لەگەڵ سەرۆك حوسنی موبارەك، بڕیار درا بە كردنەوەی كۆنسووڵخانەی میسر لە هەولێر".

زانیاری زیاتری دا و دەڵێت: "جەنابی سەرۆكی هەرێم داوەت كراوە لەلایەن كۆمكاری عەرەبییەوە، هەروەها ئەگەری هەیە لەمساڵدا جەنابی سەرۆكی حكوومەت سەردانی میسر بكات".

عەزیز ڕەسووڵ

 

هەواڵی پەیوەندیدار