پۆلیسی هەرێم، ئاماری چالاکییەکانی ساڵی ڕابردووی ڕاگەیاند

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ موقەدەم کارزان ئەمیر، وتەبێژى پۆلیسی گشتیى هەرێمى کوردستان لە پرێس کۆنفرانسێکدا ڕایگەیاند: لە ماوەى یەک ساڵى ڕابردوودا ٢١٥ ڕووداوى کوشتنى بەئەنقەست و ٥٩ حاڵەتى کوشتنى بەهەڵە تۆمار کراون و ٢٨٧ خۆکوشتنیش هەبووە.
موقەدەم کارزان ئەمیر گوتیشی: ''پێنج هەزار و٥٣٠ حاڵەتى دزیکردن و دوو هەزار و ٣٣٤ دۆسیەى خراپ بەکارهێنانى ئامێرەکان و ١٣٠٠ دۆسیەی تاوانى ساختەکارییش تۆمار کراوە و تاوانى فێڵکردن شەش هەزار و ٧٨٠ حاڵەت و قومارکردن ٣٦٣ حاڵەت و سواڵکردن هەزار و ٥٥٢ حاڵەت بووە، لە چوارچێوەى یاساى دەستبەسەرداگرتنى چەکى بێمۆڵەتیشدا هەزار و ٥١ چەک دەستى بەسەردا گیراوە''.
وتەبێژى پۆلیسی گشتیى هەرێمى کوردستان ئاماژەى بۆ ئەوەش کرد: لە ماوەى ساڵى ڕابردوودا ١٤٩ کەس بە تۆمەتى بەکارهێنانى ماددەى هۆشبەر دەستگیر کراون و ٢٠٤ حاڵەتى تەقەکردنیش تۆمار کراوە، سکاڵاى ناپاکی لە ئەمانەتیش هەزار و ٢٦٩ سکاڵا بووە، چوار هەزار و ٦٧٠ حاڵەتى هەڕەشەلێکردن و پێنج هەزار و ٩٦١ حاڵەتی دۆسیەى شەڕکردنیش تۆمار کراوە''.
سەبارەت بە چالاکییەکانى بەرگریی شارستانى لە کوردستانیش موقەدەم کارزان ئەمیر گوتی: ''کۆی گشتیى ڕووداوەکانى بەرگریی شارستانى هەشت هەزار و ٩٣٣ ڕووداو بووە کە بەو هۆیەوە ١٣٣ هاووڵاتى کۆچی دواییان کردووە و ١٧٨ هاووڵاتیش بریندار بووە، هەروەها ژمارەى ڕزگارکراوان لە ڕووداوەکاندا ٢٨١ هاووڵاتى بووە و ١٧ هەزار و ٤٣٢ پشکنینی بەرگری بۆ شوێنە گشتى و تایبەتییەکانیش کراوە''.
لەلایەکى دیکەوە باسی لەوە کرد کە پۆلیسی دارستان و ژینگە ٦٠ چەکى نایاسایی گرتووە و ٥٦٣ تاوانبارى دەستگیر کردووە، هەزار و ٨٥٣ دارى سروشتى بڕاون و هەزار و ٣٢١ داری سروشتى سووتاون و ١١٩ ئامێری بیرلێدان دەستى بەسەردا گیراوە و ٦١ ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکان بووە.
گوتیشی: ٩٦٣ تیمی تاوانەکانی پۆلیسی بەڵگە و تاوانى هەرێمی کوردستانیش دەرچوونە و وێنەیان گرتووە و پشکنین بۆ ٥٨٥ چەکى تاوانپێکراو کراوە و ٧٣٥ دەستنووسی تەزویر یەکلایی کراوەتەوە و حەوت هەزار و ٧٨٤ پەنجەمۆر وەرگیراوە و ١٦ هەزار و ٨٨٦ فۆرمى تاوان پڕ کراوەتەوە و پێنج هەزار و ٦٠٠ پێشینەى تاوانیش سەلمێنراوە.
ڕامان وریا




