خانەنشینیی ھەرێم بۆ KDP: تەنھا ئەوە ماوە پارەكە بچێتە ئەو سندوقەوە

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری ئامار لە خانەنشینیی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، دوای بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ کاراکردنی سندوقی خانەنشینی، ھەنگاوی کرداری دەستی پێکردووە و لە یەکەم ھەنگاویشدا ئەنجومەنی سەرپەرشتیکردنی سندوقەکە پێکھاتووە و شوێنیشی بۆ دیاری کراوە.
سەباح موخلیس، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری کاراکردنەوەی سندوقی خانەنشینیی ھەرێمی کوردستانی داوە، بۆ ئەو مەبەستەش ئەنجومەنێک پێکھاتووە و سەرپەرشتیی سندوقەکە دەکات، کە ئەنجومەنەکە دەستبەکار بوونە و نوێنەری چەندین وەزارەتی پەیوەندیداری تێدایە و بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینیی ھەرێمیش سەرۆکی ئەنجومەنەکەیە، کە یەکەم کۆبوونەوەشیان ئەنجام داوە و شوێنێکیش ھەر لەناو خانەنشینیی ھەرێم بۆی دیاری کراوە تا بینایەک و فەرمانبەری بۆ دابین دەکرێت، بۆیە ھەنگاوی کرداری نراوە.
موخلیس گوتیشی، ئەو ھەنگاوە لە چوارچێوەی یاسای چاکسازیدایە و چەندین سوودی بۆ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەبێت، کە مووچەی خانەنشینی و پاداشتی خانەنشینان لەو سندوقە دەدرێت و ھاوکاریی رێکخراوەکانی نێودەوڵەتیش کە پێشکەشی هەرێم دەکرێت، دەچێتە ئەو سندوقەوە، بۆیە زۆر گرنگە بۆ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و سوودی یەکجار زۆری ھەیە.
دەشڵێ، تەنھا ئەوە ماوە ئەو پارەیەی مانگانە لە مووچەی فەرمانبەران دەبڕدرێت بە ناوی خانەنشینی، بچێتە ئەو سندوقەوە.
بڵند ئیبراھیم




