٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

كاتژمێر 11:00 پارتی و یەكێتی لە بارەی چه‌ند پرسێكی سیاسییه‌وه‌ كۆده‌بنه‌وه‌

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە بارەی پرسی دەستوور و كاراكردنەوەی كۆمسیۆن و یاسای ھەڵبژاردن، لە سلێمانی كۆده‌بنەوە.

بڕیارە كاتژمێر 11:00ی پێشنیوه‌ڕۆی ئەمڕۆ ئەو لیژنە ھاوبەشەی كه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ پرسی نووسینەوەی دەستوور و كاراكردنەوەی كۆمسیۆن و یاسای ھەڵبژاردن پێكیان هێنابوو، كۆببنەوە.

هاوكات مەحموود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان دوێنێ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامه‌وانیدا گوتی: "پڕۆژەیەکی کارنامەی هاوبەش لەنێوان پارتی و یەکێتی ئامادە کراوە، لەسەر ئەو بابەتە جیاوازیمان نییە، بەڵام پێویستی بە نوێکردنەوەیە کارنامەکە بکەینە کارنامەیەکی کوردستانی، بۆ ئەوەی خاڵە گرنگەکانی لەگەڵ لایەنە شیعە و سوننەکانی بەشدار لە حکوومەت جێبەجێ بکەین".

گوتیشی: "یەکلا کردنەوەی پۆستەکان پەیوەندی بەو لیژنەیەوە نییە کە کۆدەبنەوە، بەڵکو پۆستەکان لە کۆبوونەوەکانی مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی یەکلایی دەکرێنەوە".

جەختیکردەوە: "کۆبوونەوەی شاندی پارتی و یەکێتی لەسەر ئەو کارنامەیە دەبێت کە لە گفتوگۆکانی بەغدا دەیخەنەڕوو".

 

ڕامان وریا

هەواڵی پەیوەندیدار