ئەمساڵ ١١ پڕۆژەی ستراتیژیی ئاو جێبەجێ دەکرێت
_(8)__2022_01_04_h15m29s21__ER.jpg)
هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاوی ھەرێمی کوردستان سەرقاڵی ئامادەکردنی پلانی ئەمساڵە و بەڕێوەبەری ئاوی ھەرێمیش دەڵێت، ئەمساڵ ١١ پڕۆژەی ستراتیژیی ئاو جێبەجێ دەکرێت.
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "سەرقاڵی ئامادەکردنی پلانی ئەمساڵی بواری ئاوین لە ھەرێمی کوردستان، کە بڕیارە تا مانگی داھاتوو پلانی ئەمساڵ ئامادە بکرێت و پێشکەشی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران بکرێت، بۆ ئەوەی ڕەزامەندیی لەسەر بدرێت و بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە".
بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی ھەرێم گوتیشی: "بەپێی پلانی ئێمە، ١١ پڕۆژەی ستراتیژیی ئاو لە ھەرێمی کوردستان ھەن کە ھەموو پڕۆژەکان بۆ ئەو شوێنانەن وا کێشەی کەمئاوییان ھەیە و پڕۆژەکانیش تایبەتن بە ڕاکێشانی ئاو لە ڕێگەی پڕۆژەی ستراتیژییەوە".
ئەحمەد ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: پڕۆژەکان بەسەر ھەموو پارێزگا و ناوچەکاندا دابەش کراون، لەوانەش پڕۆژەی ئاوی چەمچەماڵ و پڕۆژەی ئاوی مێرگەسۆر و پڕۆژەیەک بۆ قەزای بەردەڕەش و پڕۆژەی ھێڵی چواری ئیفراز و چەندین پڕۆژەی دیکەش لە خۆ دەگرێت.
قائید میرۆ




