٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لە دھۆک ١٥٣ دووکان لەسەر خەڵکی کەمدەرامەت دابەش دەکرێت

سەرچاوە: KDP.info

دهۆک-KDP.info- لە ناحیەی فایدەی سەر بە پارێزگای دھۆک، بازاڕێکی ھاوچەرخ دروست کراوە و بەڕێوەبەری ناحیەکەش دەڵێت، لیژنەیەک پێک ھاتووە و لە ئایندەیەکی نزیکدا دووکانی نێو بازاڕەکە بەسەر خەڵکی کەمدەرامەتی سنوورەکەدا دابەش دەکرێت.

عادل بێسفکی، بەڕێوەبەری ناحیەی فایدە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پارێزگاری دھۆک بە ھەماھەنگیی پارێزگاری مووسڵ، بازاڕێکی ھاوچەرخی لە کۆمەڵگەی دومیزی سەر بە ناحیەی فایدە دروست کردووە و بازاڕەکە لە ٥٣ دووکان پێک ھاتووە و بە شێوەیەکی ھاوچەرخ بنیات نراوە، ئیدارەی خۆجێیی دھۆک نزیکەی پێنج ھەزار مەتر زەویی لە شوێنێکی ستراتیژی بۆ پڕۆژەکە دابین کردووە.''

بەڕێوەبەری ناحیەی فایدە ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ''لە ڕێگەی تیروپشکەوە دووکانەکان بەبێ بەرامبەر بەسەر خەڵکی خۆجێیی ناحیەی فایدەدا دابەش دەکرێن، مەبەست لە دروستکردنی بازاڕەکەش بۆ ھاوکاریی خەڵکی کەمدەرامەتە لە سنووری فایدە''

.عادل بێسفکی دەڵێت: "لیژنەیەک پێک ھاتووە و چەند مەرجێک دیاری کراوە بۆ ئەو کەسانەی سوودمەند دەبن لە وەرگرتنی دووکانەکان، لەوانەش دەبێت ھاووڵاتییەکە خەڵکی ڕەسەنی سنووری ناحیەکە بێت و ھیچ مووچەیەکی نەبێت و چەندین مەرجی دیکەش ھەن، لە ئایندەیەکی نزیکدا لە ڕێگەی تیروپشکەوە بازاڕەکە بەسەر ھاووڵاتیاندا دابەش دەکرێت و ئەمەیش یەکێکە لە ھەوڵەکانی کابینەی نۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی ھەلی کار و ھاوکاریی خەڵکی کەمدەرامەت.''

 

قائید میرۆ


 

هەواڵی پەیوەندیدار