ئەحمەد کانی: ئەولەویەتی پارتی پۆست نییە.. دواخستنی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی، تەکنیکییە

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت، پارتی و یەکێتی رێککەوتوون کە بەیەکەوە بچنە بەغدا و ھیچ کێشەیەک لە نێوانیاندا نییە، پارتیش بە ھەموو لایەنەکانی ڕاگەیاندووە، ئەولەویەتی ئەوان بۆ بەغدا، بەدەستھێنانی مافی گەلی کوردە نەک پۆست.
ئەحمەد کانی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "دوای راگەیاندنی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن، شاندەکان بەردەوام دێنە ھەرێم و دەچنە لای سەرۆک بارزانی، بڕیاریشە یەکەم کۆبوونەوە لە 9ی مانگ بکرێت بە چڕوپڕتر و شاند دێن و بە پێویستی دەزانن بتوانن حکوومەتی عێراق بە زوویی پێکبێنن، چونکە ھەولێر و پارتی گرنگن لای ئەوان، بۆیە بووەتە نەریتێک و پێویستە لە ھەرێم حکوومەتی عێراق یەکلا بکرێتەوە".
ئەحمەد کانی گوتیشی: "شیعەکان لە ناوخۆیان ناکۆکن، ئەوەی دیارە ناکۆکییەکان قوڵن و ھەموو لایەنەکانی شیعە و سوننەکانیش لە ساڵی ڕابردوودا زۆر ڕوویان لە ھەرێم کردووە و پێویستیان بەوە ھەیە ئەو لایەنە ناکۆکانە بگەنە یەک، ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە، مافی کورد بەپێی دەستوور گەرەنتی بکرێت، ئەوەش بەوە دێتە دی کە زۆربەی لایەنە کوردییەکان یەکڕیز و یەکدەنگ بن و بە یەک پاکێج بچنە بەغدا و پێداگیری لەسەر ئیستحقاقاتی ھەرێم بکەن".
دەشڵێ: "بەلای پارتییەوە گرنگ نییە چەند پۆستمان دەبێت، بەڵکو گرنگ شەریکی راستەقینە بین لە داڕشتنی سیاسەتی عێراق و بە شێوەیەک بەرژەوەندیی گەلانی عێراق پارێزراو بێت، نەک لایەنێک بەرژەوەندیی پارێزراو بێت و لایەنێک پەراوێز بخرێت، ئەوەی لە سەد ساڵی رابردووشدا نەیھێشت عێراق ببێتە دەوڵەتێک و ببێتە مایەی ئاشتی بۆ ھەموو عێراق و رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، ئەوە بووە کە لایەنێک حوکمی کردووە و ئەوانی دیکە پەراوێز خراون، بۆیە ئەوەی پێویستە ئەوەیە، ھەموو پێکھاتە نەتەوەیی و ئایینی و سیاسییەکان بەیەکەوە شەریک بن لە حکوومەتدا".
کانی باسی لەوەش کرد: "ئەو ھەفتەیە زەحمەتە پۆستەکان یەکلا بکرێنەوە، بەڵام کاری لەسەر دەکرێت و یەکەم دانیشتنیش گرنگە و دواتر پێکھێنانی حکوومەت جێی بایەخە، کە پەرلەمان رایدەسپێرێت حکوومەت پێکبێنێت ئەوەش کاتی پێویستە و کێشە ھەیە، بۆیە لە یەکەم کۆبوونەوەدا زەحمەتە سەرۆکایەتییەکان ھەڵبژێردرن".
بەپرسی لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەشی دا: "ناکرێت پۆستێک دیاری بکرێت و ئەوانەی دیکە بمێننەوە، وەک پارتیش راستە بەپێی کورسی ئیستیحقاقی خۆمان ھەیە، بەڵام ئەولەویەتی پارتی پۆست نییە و شاندی پارتی سەردانی لایەنەکانی کردووە و باسی لەوە کردووە، کە بە یەک تیم و یەک شاند بچینە بەغدا و لەگەڵ لایەنەکان پێکبێین و بڕگە سەرەکییەکان یەکلا بکرێنەوە و مافی گەلی کورد بەپێی دەستوور دەستەبەر بکرێت، نەک تەنھا لە ھەرێم، بەڵکو لە ناوچە کوردستانییەکانیش، چونکە تا ئێستا تەعەدا لە کورد دەکرێت لە ناوچە کوردستانییەکان، بۆیە کێشەی زۆر ھەیە".
ئەحمەد کانی ڕاشیگەیاند: "دواخستنی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی، تەکنیکییە و رەنگە پەیوەندی بە ناوخۆی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانەوە ھەبێت، کە گۆڕانکاری ھەیە لە نێوخۆیاندا، ئەمانە کێشەی تەکنیکین و ھیچ کێشە و بەربەستێک لە نێوان پارتی و یەکێتیدا نییە بۆ دانیشتن و کۆبوونەوە، جا بەیانی بێت یاخود رۆژێکی دیکە، گرنگ ئەوەیە رێککەوتوون بەیەکەوە بۆ گفتوگۆی پێکھێنانی حکوومەتی عێراق بچنە بەغدا و داکۆکی لە مافەکانی گەلی کورد بکەن، کە ئەوەیان بۆ ھەرێمی کوردستان زۆر گرنگە".
بڵند ئیبراھیم




