٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزارەتی پێشمەرگە: کارەکان کۆتاییان پێ ھاتووە و تەنھا ماوە رابگەیەنرێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری راگەیاندن و ھۆشیاریی نیشتیمانی لە وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێم رایگەیاند، وەزارەتی پێشمەرگە پڕۆژەیەکی ئامادە کردووە بۆ رێکخستنەوەی کاری میدیایی لە بەرەکانی جەنگ، بۆ ئەوەی ھێزی پێشمەرگە سەلامەت بێت و ئاسایشی نەتەوەیی پارێزراو بێت، بۆ ئەو مەبەستەش شانەی راگەیاندن و ھۆشیاریی پێشمەرگەیان دروست کردووە.

عەمید عوسمان محەمەد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئێمە لە وەزارەتی پێشمەرگە پڕۆژەی ستراتیژیەت و ھۆشیاریی میدیاییمان ھەیە بۆ ئایندە و، لەناو ئەو پڕۆژەیەدا کۆمەڵێک پڕۆژەی دیکەی ھەستیار و گرنگ هەن، کە ئەرک و کاری میدیا رێک دەخەنەوە و یەکێک لەوانەش شانەی راگەیاندن و ھۆشیاریی پێشمەرگەیە، کە ئێستا لە قۆناغی کۆتایی راگەیاندن و چالاککردنی شانەی راگەیاندن و ھۆشیاریی پێشمەرگەین".

محەمەد گوتیشی: "ئەو شانەیە تەواوی کار و چالاکییە میدیاییەکان لە یەکە سەربازییەکان بە دیوانی وەزارەت دەبەستێتەوە و پەیوەندی لەگەڵ میدیا بە شێوەیەکی چالاک کارا دەکات و کاری میدیایی ئەوانیش رێک دەخات، کە لەمەودوا رێگە نادەین ھیچ میدیایەک بچێت بۆ سەربازگەکان و بە ئارەزووی خۆی وێنە و ڤیدیۆ بگرێت و بڵاویان بکاتەوە، بەڵکو شانەی راگەیاندن و ھۆشیاری ئەو ئەرکە دەگرێتە ئەستۆ ئەگەر ھەر میدیایەک پێویستی پێ بێت، شوێنێکی بۆ دیاری دەکەین یاخود خاڵێک، کە لەو شوێنە نابێت زیاتر بچێت رووماڵ بکات".

ناوبراو روونیشی کردەوە: "ئێمە ڤیدیۆ و وێنە کۆدەکەینەوە بۆ ئەوەی بیدەین بە دەزگاکانی ڕاگەیاندن بۆ بڵاوکردنەوە، تا ئەوانیش بێ زانیاری نەبن، هەروەها بە شێوەیەکی گشتی دەمانەوێ کار بکەین ھەم ھێزی پێشمەرگە سەلامەت بن و ئاسایشی نەتەوەیی بپارێزرێت و ھەمیش میدیاش بێ زانیاری نەبێت".

بەڕێوەبەری راگەیاندن و ھۆشیاریی نیشتیمانی لە وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەشڵێ: "بەم زووانە شانەی راگەیاندن و ھۆشیاریی پێشمەرگە رایدەگەیەنین و کارەکانیش کۆتاییان پێ ھاتووە و تەنھا ماوە رابگەیەنرێت".

 

بڵند ئیبراھیم 

 

هەواڵی پەیوەندیدار