پەرتووکێک دەربارەی سەرۆک بارزانی لە ئەمەریکا خەلاتی یەکەمی وەرگرت

هەولێر-KDP.info- لەلایەن کۆمپانییەکی ئەمەریکییەوە پێشبڕکێ بۆ یەک ملیۆن پەرتووک بەڕێوە چووە و پەرتووکی نووسەرێکی کورد، بە ناونیشانی ''لەسەر لێوارەکانی ئازادی.. مەسعود بارزانی کوردستانی بردە لێوارەکانی سەربەخۆیی'' خەلاتی یەکەمی وەرگرت.
داڤان یەحیا خەلیل، نووسەری پەرتووکی ''لەسەر لێوارەکانی ئازادی.. مەسعود بارزانی کوردستانی بردە لێوارەکانی سەربەخۆیی''، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پەرتووکەکەم لە سەردەمی ڕیفراندۆم ئامادە کردووە و لە زۆربەی وڵاتانی جیھان و ئەمەریکا و ئەورووپا لەبەردەستە و بە زمانی ئینگلیزی ئامادە کراوە و ٢٤٢ لاپەڕە لەخۆ دەگرێت و لە کۆتاییی ساڵی ٢٠٢٠ چاپ کراوە کە ناوەڕۆکی پەرتووکەکە ئاماژە بەو فاکتەرانە دەکات وا بوونەتە ھۆی ئەوەی سەرۆک بارزانی داوای ڕیفڕاندۆمی سەربەخۆیی بکات.''
نووسەری پەرتووکەکە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "لەلایەن کۆمپانییەکی ئەمەریکییەوە پێشبڕکێیەک بۆ پەرتووک ئامادە کرابوو، بەندەش وەک نووسەرێکی کورد بەشداریی پێشبڕکێی کۆمپانیا ئەمریکییەکەم کرد کە ھەموو ساڵێک زیاتر لە یەک ملیۆن ناونیشان بەشداری لە پێشبڕکێیەکەدا دەکەن، بۆ ئەمساڵ ئاگادار کرامەوە پەرتووکی ''لەسەر لێوارەکانی ئازادی.. مەسعود بارزانی کوردستانی بردە لێوارەکانی سەربەخۆیی'' خەلاتی یەکەمی پێشبڕکێیەکەی بردووەتەوە.''
داڤان یەحیا خەلیل گوتیشی: "بۆ جاری یەکەمە پەرتووکێکی کورد لە پێشبرکێیەکی جیھانیدا خەڵاتی یەکەم بەدەست دێنێت، ئەوەش جێگەی ئومێدە بۆ منی نووسەر کە بتوانم لەو ڕێگەیەوە خزمەتی میللەتی خۆم بکەم، بەتایبەتی پەرتووکێک لەسەر دۆزی کورد و سەربەخۆیی نووسرابێت، شانازیی پێوە دەکەم.''
قائید میرۆ




