٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عەدنان کەرکووکی: بە بڕیاری پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک تابلۆ کوردییەکانی کەرکووک لابراون

سەرچاوە: KDP.info

کەرکووک-KDP.info- لە شاری کەرکووک ھەموو ئەو تابلۆیانەی لەلایەن فەرمانگەکانی شارەکەوە بە زمانی کوردی دانرابوون، لەلایەن ئیدارەی شارەکەوە لابراون و گوتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتییش لە کەرکووک دەڵێت، بڕیارەکە سیاسییە و پڕۆسەیەکی نوێی تەعریب دەستی پێ کردووە.

عەدنان کەرکووکی، گوتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی لە کەرکووک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پڕۆسەیەکی نوێی تەعریب لە کەرکووک دەستی پێ کردووە و چەند ڕۆژێکە بە بڕیاری پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک ھەموو ئەو تابلۆیانەی ھاتوچۆی کەرکووک کە بۆ شارەکە دانرابوو، و بە زمانی کوردییش لەسەریان نووسرابوو، لابراون، ئەمەش ھەوڵێکی دیکەی بەعەرەبکردنی کەرکووکە لەلایەن پارێزگاری سەپێندراوی شارەکەوە.''

گوتەبێژی پارتی لە کەرکووک دەڵێت: "لابردنی تابلۆی زمانی کوردی پێچەوانەی یاسا و دەستووری عێراقە، چونکە زمانی کوردی، زمانی فەرمییە لە عێراق و ئەمە کاری پارێزگار نییە، بۆیە تەنیا دژایەتیی کورد و جێبەجێکردنی پیلانی تەعریبە لە کەرکووک''.

عەدنان کەرکووکی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "دانان و لابردنی تابلۆ پەیوەندیی بە شارەوانی و شارەوانییەکانی کەرکووکەوە ھەیە، بەڵام گومان بۆ ئێمە پەیدا بووە کە تا ئێستا شارەوانیی کەرکووک کە بەرپرسە لە دانانی تابلۆی شارەکە ھیچ ھەڵوێستێکی نەبووە لەسەر بڕیاری سیاسیی پارێزگاری سەپێندراو.''

 

قائید میرۆ


 

هەواڵی پەیوەندیدار