پەنجا تیم بۆ ھەڵسەنگاندنی زیانی لافاوەکەی ھەولێر پێک ھاتوون

هەولێر-KDP.info- بڕیارە ھاوکاریی ماددی بەسەر زیانلێکەوتووانی شاری ھەولێر دابەش بکرێت و بەڕێوەبەری شانەی قەیرانەکانی ھەولێریش دەڵێ، پەنجا تیم سەرقاڵی ھەڵسەنگاندنی زیانەکانن.
سروە رەسووڵ، بەڕێوەبەری شانەی قەیرانەکان لە پارێزگای ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "ئەو کۆمەکانەی تا ئێستا گەیشتوونەتە پارێزگای ھەولێر، لە رێگەی تیمی تایبەتەوە بەسەر زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی ھەولێر دابەش کراون، ھاوکارییەکەش پێک ھاتبوو لە خۆراک و کەلوپەلی ناوماڵ و ئامێری کارەبایی، کە تا ئێستا سێ ھەزار خێزان ھاوکاری کراون و بڕیارە لە چەند رۆژی داھاتووشدا ٣٠٠ خێزانی دیکە ھاوکاری بکرێن".
بەڕێوەبەری شانەی قەیرانەکانی ھەولێر گوتیشی: "ئەو پارەیەی کۆکراوەتەوە تا ئێستا دابەش نەکراوە، چونکە قەبارەی زیانەکان زۆرە و ئێمە چاوەڕێی زیادبوونی ھاوکاریی ماددی دەکەین بۆ ئەوەی لە کۆتایی پڕۆسەی دابەشکردن بەڕێوە بچێت".
سروە رەسووڵ ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "پەنجا تیمی ھەڵسەنگاندن بۆ دیاریکردنی قەبارەی زیانەکانی لافاوەکەی ھەولێر پێک هاتوون، کە لە رێگەی فۆڕمێکەوە زیانی ھەر خێزانێک دیاری دەکرێت و بە گوێرەی زیانەکان ھاوکاریی ھەر خێزانێک دەکرێت، واتە ھەر خێزانێک بە گوێرەی زیانەکانی ھاوکاری دەکرێت و ھەموو وەک یەک نابێت".
قائید میرۆ




