لە دھۆک ١١٧ شوێنی بازرگانی بە ھۆی سەرپێچییەوە داخراون

دهۆک-KDP.info- ساڵی رابردوو لە سنووری پارێزگای دھۆک زیاتر لە ٣٠٠ تۆن کەلوپەلی ماوەبەسەرچوو لەناو براوە و بەرپرسی راگەیاندنی چاودێریی بازرگانیی دھۆکیش دەڵێ، ھەر ئەمساڵ ١١٧ شوێن داخراون.
شوکری شاھباز، بەرپرسی راگەیاندنی چاودێریی بازرگانیی دھۆک، لە پرێسکۆنفڕانسێکدا رایگەیاند: "ساڵی رابردوو لیژنەکانی چاودێریی بازرگانی لە سنووری پارێزگای دھۆک زیاتر لە ٣٠ ھەزار سەردانیان بۆ بازاڕ و شوێنە بازرگانییەکانی دھۆک ئەنجام داوە و بە وردی بە دوای سەرپێچیدا گەڕاون لە کەلوپەلی ماوەبەسەرچوو و زیادکردنی نرخ و سەرپێچیکردن لە یاسا و رێنماییەکان".
بەرپرسی راگەیاندنی چاودێریی بازرگانیی دھۆک دەشڵێت: "بە ھۆی سەرپێچیی جۆراوجۆرەوە ساڵی رابردوو ١١٧ شوێنی بازرگانی داخراون، ھەروەھا ٤٣٦ شوێنی بازرگانی بە ھۆی سەرپێچییەوە بە پارە سزا دراون و پێبژاردنیان بۆ کراوە، ھەر ساڵی رابردوو لیژنەکانی چاودێریی بازرگانی دەستیان بەسەر ٣٠٠ تۆن کەلوپەلی ماوەبەسەرچوودا گرتووە و لەلایەن تیمی تایبەتەوە لەناو براون".
شاھباز روونیشی کردەوە، لیژنەکانیان ئەمساڵ ٢٠٢٢ بەردەوام دەبن لە ھەوڵەکانیان بۆ رێگریکردن لە ھەر سەرپێچییەک لە شوێنە بازرگانی و بازاڕەکانی سنووری پارێزگای دھۆک، تا ھیچ کەسێک نەتوانێت زێدەڕۆیی بکات لە بەرزکردنەوەی نرخ و ساخکردنەوەی کەلوپەلی ماوەبەسەرچوو.




