فەرماندەیەکی پێشمەرگە: لە سنووری مەخموور ئۆپەڕاسیۆن دژی داعش بەڕێوە دەچێت

مەخموور-KDP.info- کۆتاییی ساڵی ڕابردوو چەکدارانی داعش زنجیرەیەک ھێرشیان دژی ھێزی پێشمەرگە کرد و فەرماندەیەکی پێشمەرگەش لە مەخموور دەڵێت، بە ئۆپەڕاسیۆن دژی داعش ئەو ناوچە کێوماڵ دەکەن.
لیوا زریان شێخ وەسانی، فەرماندەی پێشمەرگە لە میحوەری مەخموور، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوای ڕووداوەکانی مانگی ڕابردوو ھێزی پێشمەرگە سەنگەرەکانی بەرانبەر بە تیرۆریستان تۆکمە کردووە و بەردەوام چاودێریی جووڵەی چەکدارانی داعش لە سنووری مەخموور- گوێڕ دەکەین، بەتایبەتی چیای قەرەچۆغ و ئەو شوێنانەی بوونەتە جێی مەترسی و چەکدارانی داعش تێیدا خۆیان حەشار داوە.''
لەبارەی بەڕێوەبردنی ئۆپەڕاسیۆنەوە ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە دەڵێت: "ھەرچەندە پلان ھەیە بۆ کێوماڵکردنی سنووری مەخموور و دەرکردنی داعش لەو سنوورە، بەڵام ھێشتا کاتی بەڕێوەچوونی ئۆپەڕاسیۆنەکە دیاری نەکراوە.''
لیوا زریان شێخ وەسانی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "لە دوای ڕووداوەکانی گوندی خدر جیجە، داعش جووڵەیەکی ئەوتۆی بەرامبەر بە پێشمەرگە نەبووە و ھەر مەترسییەکیش ھەبێت و لە ھەر شوێنێک زانیاری بگاتە پێشمەرگە، بەرەنگاریان دەبینەوە، لەبەر ئەوە ماوەی چەند ڕۆژێکە داعش بێدەنگە و حەفتەی ڕابردوو ھاوپەیمانانیش بە ھێرشی ئاسمانی زیانیان بە داعش گەیاندووە.''
قائید میرۆ




