٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دژوار فایەق: پێنج ھەزار ڕووداوی تیرۆریستی لە ناوچە کوردستانییەکان تۆمار کراوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ و کشانەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە ڕەوشی ناوچە کوردستانییەکان بە قۆناغی سەختدا تێ پەڕیوە و ڕاوێژکارێکی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانیش دەڵێت، پێنج ھەزار ڕووداوی تیرۆریستی تۆمار کراوە.

دژوار فایەق، ڕاوێژکاری سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئێستا جووڵەی داعش مەترسییە بۆ سەر ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە بە پیلان دژی ھەرێمی کوردستان ھان دەدرێت بۆ ئەوەی پێگەی ھەرێمی کوردستان لاواز بێت، چونکە ماوەیەکە چەکدارانی داعش زیاتر کار بۆ تێکدانی ڕەوشی ناوچە کوردستانییەکان و ھێرش بۆ سەر ھێزەکانی پێشمەرگە دەکەن.''

ڕاوێژکاری سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران دەشڵێت: "باشترین چارەسەر بۆ تێکدانی پیلانی داعش و کۆنتڕۆڵکردنی ڕەوشی ئەمنیی ناوچە کوردستانییەکان گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگە و جێبەجێکردنی دەستووری عێراقە، بەتایبەتی ئێستا عێراق بەرەو پێکھێنانی حکوومەتی نوێ ھەنگاو دەنێت و یەکێک لە داواکارییەکانی کورد بۆ ڕێککەوتن، چارەسەرکردنی کێشەی ئەو ناوچانەیە.''

دژوار فایەق ڕوونی کردەوە: "لەدوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ و کشانەوەی پێشمەرگە، چەکدارانی داعش ناوچەکەیان کردووەتە ھێلانە و ھێزە عێراقییەکانیش توانای بەرەنگاریی داعشیان نییە، تەنیا لەو ماوەیەدا پێنج ھەزار کردەوەی تیرۆریستی لە ناوچە کوردستانییەکان جێبەجێ کراوە و ژمارەیەکی بەرچاوی ھاووڵاتییان و پێشمەرگە و ھێزەکانی دیکە بوونەتە قوربانی.''

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار