٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لەم مانگەدا پرسی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردن یەکلا دەکرێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- لایەنەکان بەردەوامن لە دانوستان بۆ یەکلاکردنەوەی پرسی کۆمسیۆن و بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی خۆیدا، راوێژکارێکی پەرلەمانیش دەڵێ، لەم مانگەدا پرسی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردن یەکلا دەکرێتەوە.

د. وەعدی مزووری، راوێژکاری پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "ماوەی دوو ساڵە یاسای ژمارە ٤ی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردن بەسەر چووە و پێویست بوو پێشتر کێشەی یاسایی کۆمسیۆن چارەسەر بکرێت، ئێستا پەرلەمان دەیەوێ پێداچوونەوە بکات و پرسی کۆمسیۆنی سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان یەکلا بکاتەوە، ئەویش لە رێگەی گۆڕینی یاسای ھەڵبژاردنەکان، یانیش پڕکردنەوەی ئەو پۆستانەی ئێستا بەتاڵن لە کۆمسیۆن".

راوێژکارەکەی پەرلەمانی کوردستان دەڵێ: "ماوەیەکی زۆر نەماوە بۆ ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، لەبەر ئەوەش فڕاکسیۆنەکانی نێو پەرلەمان لە دانوستانی بەردەوامدان بۆ چارەسەرکردنی بابەتی کۆمسیۆن و دیاریکردنی وادەی ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان، چونکە پێویستە شەش مانگ پێشتر کۆمسیۆن ئامادەکاری بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ھەڵبژاردن بکات.

مزووری ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "ھەوڵەکان بەردەوامن و چەند بژاردەیەک خراونەتە ڕوو بۆ ئەوەی لایەنەکان لەسەری بگەنە رێککەوتن، پێموایە لەم مانگەدا پرسی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان یەکلا بکرێتەوە و بگەنە رێککەوتن، ئەگەر کێشەکە چارەسەر کرا، ئەوا وادەی ھەڵبژاردنی داھاتوو دیاری دەکرێت، کە پێویستە تا ٣٠ی ئەیلوولی ئەمساڵ ھەڵبژاردن بکرێت".

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار