لیوا عەبدولخالق بۆ KDP: ھێزی پێشمەرگە سەرپشک کراوە

بەغدا-KDP.info- نوێنەری ھەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی ھاوبەشی عێراق ئاشکرای کرد، بە ھۆی کەشوھەوا و پشووی سەری ساڵ، گفتوگۆکان وەستاون، بەڵام ھەماھەنگی و ھاوکاری لە نێوان ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق بەردەوامە و ھێزی پێشمەرگەش سەرپشک کراوە بە ھەماھەنگی ھەر شوێنێک مەترسیی داعشی لەسەر بێت، بچێت و بیپارێزێت.
لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ھەماھەنگی و ھاوکارییەکی باش لە نێوان ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا دروست بووە و لە زۆر شوێن ھێزی ھاوبەشی پێشمەرگە و سوپا بەیەکەوەن، بەڵام ھێشتا ماوە و پێویستی بە کاتی زیاتر و گفتوگۆ و رێککەوتنی زیاتر ھەیە، لە کاتی ھاتنی شەپۆلی بارانبارینیش، شاندێکی دیکەی عێراق سەردانی ھەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانیان کرد، بۆ ئەوەی درێژە بە کاری ھاوبەش بدرێت، بەڵام بە ھۆی خراپیی کەشوھەواوە، نەتواندرا کارەکە ئەنجام بدرێت، لەگەڵ ئەوەشدا ھێزی پێشمەرگە و سوپا بە ھاوبەشی کاری باشیان کردووە و ھەماھەنگییەکی زۆر باش ھەیە.
تەڵعەت باسی لەوەش کرد، لە ئێستادا لە سنووری مەخموور و دیالە ھێزی ھاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق ھەیە و ھێزی پێشمەرگەش سەرپشک کراوە لە ھەر شوێنێک مەترسی ھەبێت، بە ھەماھەنگی لەگەڵ سوپای عێراق بچێت پارێزگاری لێ بکات، بۆیە ئەمە وای کردووە جموجۆڵی داعش کەم بێتەوە.
ڕوونیشی کردەوە، دوای پشووی سەری ساڵ، جارێکی دیکە دانوستانەکان دەست پێدەکەنەوە و مەسحێکی گشتی ناوچە کوردستانییەکان دەکرێت، لە ھەر کوێیەکیش پێویست بە ھێز بکات، ھێزی ھاوبەشی بۆ دروست دەکرێت و پارێزگاری لێ دەکەن، بۆیە گفتوگۆکان نەوەستاون و ھەماھەنگی و ھاوکاریش بەردەوام دەبێت.
بڵند ئیبراھیم




