٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئاکرەیی بۆ KDP: ئەو رێکارانە سوودی زۆری بۆ ھەردوو لامان ھەیە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران رایگەیاند، لە ئەمڕۆوە گەشتکردن بۆ ئێران یاخود بەپێچەوانەوە، بەپێی چەند رێکارێک دەبێت بۆ رێگریکردن لە تەشەنەکردنی نەخۆشیی تازەی کۆرۆنا ناسراو بە ئۆمیکرۆن، بەڵام سنوور داناخرێت و بۆ بازرگانی و چەند حاڵەتێک کراوە دەبێت.

عەبدوڵڵا ئاکرەیی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ھاتوچۆکردن بۆ ئێران ھەندێک توند کراوە، بەڵام بە تەواوی قەدەغە نەکراوە، بۆ ئەوەی رێگری بکرێت لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی تازەی کۆرۆنا، ئێمەش ھەمان رێکارمان گرتووەتە بەر، چونکە ئەو کارە لە بەرژەوەندیی ھەردوو لاماندایە، بۆیە ئەو بڕیارە دراوە و ھەندێک رێکاریش گیراونەتە بەر، بەڵام رێگە بە ھەندێک حاڵەت دەدرێت ھاتوچۆ بکرێت، ئەوانەی نیشتەجێی ئێرانن، یاخود ئەوانەی خوێندکارن و ئەوانەی بازرگانن و ئەوانەش کە کار لەوێ دەکەن یاخود نەخۆشن یان ڤیزای وەبەرھێنانیان ھەیە، ئەمانە رێگەپێدراون ھاتوچۆ بکەن، بەڵام بۆ خەڵکی ئاسایی رێگەپێدراو نییە تا ئەو مۆڵەتەی دیاری کراوە تەواو دەبێت".

ئاکرەیی گوتیشی، ئەو رێکارانە بۆ ماوەی ١٥ رۆژە و لە ئەمڕۆوە دەست پێدەکات، بەڵام سنوور داناخرێت و ھاتوچۆی بازرگانییش بەردەوام دەبێت، بۆیە دوای ئەو ١٥ رۆژە جارێکی دیکە ھاتوچۆ ئاسایی دەبێتەوە.

دەشڵێ: "ئەو رێکارانە زۆر کاریگەری نابێت: "بگرە سوودی زۆری بۆ ھەردوو لامان ھەیە، چونکە نامانەوێت ئەو جۆرە نەخۆشییەی کۆرۆنا کە تازە بڵاو بووەتەوە، تەشەنە بکات و کاریگەریی خراپی ھەبێت".

 

بڵند ئیبراھیم 

 

هەواڵی پەیوەندیدار