٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وردەکاریی ئەو پڕۆژانەی ئەمساڵ لە سنووری پارێزگای ھەولێر جێبەجێ کراون

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- جێگری پارێزگاری ھەولێر ئاشکرای کرد کە ئەمساڵ لە سنووری پارێزگای ھەولێر نزیکەی ١٣٠ پڕۆژە جێبەجێ کراوە و زۆربەشیان تەواو بوون و کەوتوونەتە خزمەت ھاووڵاتییان، تەنھا چەند پڕۆژەیەک نەبێت کە ماوەی زیاتریان پێویست بوو و ئەو پارەیەی بۆشمان تەرخان کرابوو، بەپێی ڕێژەی دانیشتووان بەسەر قەزاکاندا دابەش کرا .

مەسعود محەمەد بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ئەو پڕۆژانەی ئەمساڵ لە ھەولێر جێبەجێ کراون بە سەرمایەی ٢٨ ملیار دینار بوو کە لە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان لە ئەنجومەنی وەزیران تەرخان کرابوو و ئەو پارەیە دابەش کرا بەسەر ھەر ١٠ قەزای سەر بە ھەولێردا و بە گوێرەی ژمارەی دانیشتووانەکەیان پارەیان بۆ تەرخان کرا و زیاتر گرنگی بە ناوچە ھەژارنشینەکان درا و بەشێکی پارەی ھەولێر کە ٥ ملیار دینار بوو بۆ دەوروبەر گواسترایەوە بۆ ئەوەی خزمەتی ئەو ناوچانەی پێ بکرێت کە زۆر پێویست بوو.''

جێگری پارێزگاری ھەولێر ڕوونیشی کردەوە: ''ئەمساڵ لە سنووری پارێزگای ھەولێر بەگشتی ١٢٨ پڕۆژە جێبەجێ کراوە و زۆربەیان بەپێی ڕێنماییی وەزارەتی پلاندانان جێبەجێ کراون و کەوتوونە بواری جێبەجێکردن و١٠٠% تەواو بوونە و تەنھا چەند پڕۆژەیەکی کەم نەبێت ئەوانیش ماوەیان زۆرە.''

مەسعود محەمەد ڕوونیشی کردەوە: ''ئێمە لەو پڕۆژانە زیاتر گرنگیمان بە قیرتاوکردنی شەقامەکان دا لە ناوخۆ و شەقامەکانی نێوان ناحیە و گوندەکانیش، چونکە لە ساڵی ٢٠١٤وە کاری بۆ نەکرابوو، تەنھا نۆژەنکردنەوە بوو و خۆشبەختانە ئەمساڵ کارمان بۆ کردن و جگە لەوەش، گەرەکی نوێ دروست بوون، ئەوانیش خزمەتگوزارییان بۆ دابین کرا، بەتایبەت قیرتاوکردن، بۆیە ٧٠%ی پڕۆژەکان لە بواری ڕێگاوبان بوو، بۆیە زیاتر پڕۆژەی بچووکمان جێبەجێ کرد، بۆ ئەوەی ھیچ ناوچەیەک بێبەش نەبێت لە پڕۆژە.''

جێگری پارێزگاری ھەولێر ڕاشیگەیاند: ''ئامانجی ئێمە ئەوە بوو زۆرترین پڕۆژە بە کەمترین پارە ئجێبەجێ بکرێت، ئەگەرنا پڕۆژەی گەورە پێویستی بە چەندین ملیار دینار ھەیە، بۆ نموونە بینای پارێزگای ھەولێر چەندین ساڵە وەستاوە، ھیچ بودجەیەکمان تەرخان نەکرد، چونکە سوودی بۆ ھاووڵاتی نەبوو، بۆیە زۆرینەی پڕۆژەکان لە خزمەتی ھاووڵاتیان جێبەجێ کران.''

محەمەد باسی لەوەش کرد: ''جگە لەوە، ھەندێک پڕۆژەی بچووکیشمان ئەمساڵ جێبەجێ کرد، وەکوو نۆژەنکردنەوە کە ٢٥ قوتابخانە بوون و پڕۆژەی ئاو و ئاوەڕۆ و نۆژەنکردنەوەی ھەندێک نەخۆشخانە و ھەندێک پڕۆژەی دیکەش جێبەجێ کراوە.''

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار