٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فڕاکسیۆنی پارتی: هەندێک فڕاکسیۆن ئامادە نەبوون بەشداریی کۆبوونەوەکە بکەن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ پێنجشەممە لە ئەنجوومەنی پارێزگاری ھەولێر، ھەرسێ فڕاکسیۆنی پارتی و تورکمان و کریستیان داوایان لە بەغدا کرد پێداچوونەوە بە ھاوکاریی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی ھەولێر بکات، سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتیش دەڵێ، ھەندێ فڕاکسیۆنی نێو ئەنجوومەن، ئامادە نەبوون لەسەر لافاوەکە بەشداریی کۆبوونەوەکە بکەن.

کەنعان خەیلانی، سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "ئەمڕۆ بە واژۆی ١٢ ئەندامی ئەنجوومەن، فڕاکسیۆنی پارتی و تورکمان و کریستیان لەگەڵ دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەن، کۆبونەوەیەکی نائاساییمان لەبارەی لافاوەکەی شاری ھەولێر و ھاوکارییەکەی بەغدا ئەنجام دا، بەڵام فڕاکسیۆنەکانی  یەکێتی و گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو ئامادە نەبوون بەشداری لە کۆبوونەوەکەدا بکەن".

سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی گوتیشی: "لافەوەکەی ھەولێر ھیچ پەیوەندی بە پرسی سیاسییەوە نییە و ئەرکی ھەموومانە کار بکەین بۆ کەمکردنەوەی زیانەکان و ھەر لە یەکەم ساتی رووداوەکەشدا، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر خەت بوونە بۆ بەھانەوەچوونی ئەو ھاووڵاتیانەی بە هۆی لافاوەکەی رۆژی ھەینی زیانیان بەرکەوتبوو".

خەیلانی روونیشی کردەوە: "بەھانەوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاو ئەرکی ھەموو لایەکە و سوپاسی پارێزگای دھۆک و خەڵکی ھەڵەبجە و سلێمانی دەکەین، کە ھاوکار بوون لەگەڵ خەڵکی ھەولێر، بەڵام ئەو بڕە پارەیەی بەغدا دابینی کردووە بۆ لافاوەکەی ھەولێر، زۆر کەمە و ئەرکی حکوومەتی عێراقە ھاوکاریی ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان بکات، چونکە ئەمە حەوت ساڵە بەشەبودجەی خەڵکی ھەرێمی کوردستان بڕدراوە لەلایەن بەغداوە و ناردنی دوو ملیار دیناریش  زۆر کەمە بە گوێرەی قەبارەی زیانی لافاوەکەی ھەولێر".

ناوبراو دەشڵێ: "ئێمە داوا لە حکوومەتی فیدڕاڵ دەکەین پێداچوونەوە بەو بڕیارەی خەرجکردنی پارە بۆ زیانلێکەوتووانی شاری ھەولێر بکات و وەک ھەموو وڵاتانی جیھان ئەرکی خۆی لە قەرەبووکردنەوە و گەیاندنی ھاوکاری بە زیانلێکەوتووان جێبەجێ بکات".

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار