٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئیدارەی زاخۆ پلانی ساڵی نوێ ئامادە دەکات.. ٥١ پڕۆژە پێشنیاز کراون

سەرچاوە: KDP.info

زاخۆ-KDP.info- ئەمساڵ تەنیا لە ماوەی سێ مانگدا دوای دەرچوونی بڕیاری بەئیدارەبوونی زاخۆ، ژمارەیەک پڕۆژە جێبەجێ کراون و گوتەبێژی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆش دەڵێ، پلانی ساڵی نوێ ئامادە کراوە و تەنیا لەسەر بودجەی پەرەپێدان ٥١ پڕۆژەیان داوەتە حکوومەت.

شڤان عەبدی، گوتەبێژی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "دوای بڕیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لەلایەن سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە، ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری ئیدارەی زاخۆ جێبەجێ کراون، لە ماوەی سێ مانگی رابردووی دەرچوونی بڕیاری بەئیدارەبوونیشی، نزیکەی ٨٠٠ ملیۆن دینار بۆ کەرتی پەروەدە خەرج کراوە و ٣١ قوتابخانە نۆژەن کراونەتەوە، ھەروەھا دوو ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینار بۆ کەرتی تەندروستی خەرج کراوە".

گوتەبێژی ئیدارەی زاخۆ دەشڵێت: "سێ قوتابخانە کە پێشتر بە ھۆی قەیرانی دارایی راگیرابوون، ئێستا دەست بە تەواوکردنیان دەکرێت و پێنج بەنداوی ژێر ئاویش لە خابوور دروست دەکرێن، ئەمە تەنیا لە دوای بڕیاری ئیدارەی سەربەخۆ بووە".

عەبدی روونیشی کردەوە: "ئێمە وەک ئیدارەی زاخۆ ژمارەیەک پڕۆژەمان پێشنیاز کردووە، کە لە چواچێوەی بودجەی پەرەپێداندا بۆ ساڵی داھاتوو ٥١ پڕۆژە جێبەجێ بکرێن بە گوژمەی نزیکەی ١٦ ملیار دینار و چاوەڕێی پەسەندکردنیان دەکەین لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە".

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار