بڕیارە ڕۆژی ھەینی تەرمی ١٦ کۆچبەری کورد بگەڕێندرێنەوە بۆ ھەرێمی کوردستان

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران گوتی، بڕیارە بەرەبەیانیی ڕۆژی ھەینی لەسەر ئەرکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان تەرمی ١٦ کۆچبەری کورد کە لە ڕێگەی کۆچکردن خنکابوون، بگەڕێندرێنەوە بۆ ھەرێمی کوردستان، بۆ ئەو مەبەستەش ھەموو ئامادەکارییەک کراوە.
ئاری جەلال، سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "دوای ئەو ڕووداوە نەخوازراوەی لە نێوان وڵاتی فەڕەنسا و بەریتانیا ڕووی دا، بڕیارە بەرەبەیانیی ڕۆژی ھەینی سەعات ٣:٣٥ خولەکی بەیانی، ١٦ تەرم کە دوای پشکنین دەرچووە هاووڵاتیی کوردن، بگەڕێندرێنەوە بۆ ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش بۆ گەڕاندنەوەیان ھاوکار و ھەماھەنگ بووە و تەرمەکانیان ڕادەستی کەسوکارەکانیان دەکرێتەوە.''
جەلال گوتیشی: ''سەرجەمیان خەڵکی ھەرێمی کوردستانن، تەنھا یەکێک خەڵکی ڕۆژھەڵاتی کوردستانە و خەڵکی سلێمانی و ھەولێر و دھۆکیان تێدایە و یەک کەسیش خەڵکی زاخۆیە و خەڵکی سۆران و خەلیفان و قەڵادزێ و ڕانیە و دەربەندیخان و حاجیاواشیان تێدایە.''
ناوبراو ڕوونیشی کردەوە: ''ھەموو ئامادەکارییەک لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە کراوە و وەزارەتی تەندروستی ھاوکار بووە و تەرمەکان بە ئەمبۆڵانس بۆ ناوچەکانیان دەگەڕێندرێنەوە و پێویست بەوە ناکات ئۆتۆمبێلی خۆیان بێنن بۆ گەڕاندنەوەی تەرمەکان، چونکە ئامادەکاریی تەواوی بۆ کراوە.''
سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران ڕاشیگەیاند: ''حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەسەر ئەرکی خۆی ئەو تەرمانە دەگەڕێنێتەوە و ڕێکارەکانیش تەواو بوون لە وڵاتی فەڕەنسا و تەنھا ماوە بگەڕێندرێنەوە، چونکە وەفاتنامەکانیشیان بۆ ئامادە کراوە.''
بڵند ئیبراهیم




